سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات
3 کاتژمێر پێش ئێستا
167 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی و بە هەوڵێکی شکستخواردوو ناوی دەبات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری بە تاوانێکی قێزەون و هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ بەئامانجگرتنی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە وڵاتدا بەدیهاتووە ناو برد.
سەرۆکایەتیی کۆمار جەختیشی لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و جددی بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە کردەوە و داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد ڕیزەکانیان یەکبخەن و پێکەوە کار بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکەن، تاوەکو رێگە لە هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی تووندوتیژی و پشێوی بگیرێت.
درەنگانی شەوی چوارشەممەی ڕابردوو 26-11-2025 هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لە ئەنجامدا ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی غاز کەوتەوە، هێرشەکە هەرچەندە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام بەهۆیەوە هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیرا و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەڕێژەی 80% کەم کرایەوە.
|