وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی هەرێمی ئاشکراکرد
3 کاتژمێر پێش ئێستا
102 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دارایی عێراق ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی هەشت مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە 8 مانگی ڕابردوودا بڕی 5 ترلیۆن و 467 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج كراوە.
وەزارەتی دارایی عێراق لەڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، کۆی خەرجییەکانی عێراق لەماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا گەیشتوەتە 87 ترلیۆن و 478 ملیار دیناری عێراقی، لەکاتێکدا کە داهاتی ئەو هەشت مانگە 73 ترلیۆن و 821 ملیار دینار بوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، داهاتی نانەوتی عێراق لەهەشت مانگدا تەنیا هەشت ترلیۆن و 555 ملیار دینار بووە، واتە داهاتی نانەوتی تەنیا %10ی کۆی داهاتەکانی عێراقی پێکهێناوە.
دەشڵێت: خەرجی وەبەرهێنان لەناو کۆی خەرجییەکاندا تەنیا 13 ترلیۆن و 828 ملیار دینار بوە، بەڵام زیاتر لە 70 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی بووە.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەكە دا هاتووە، “لەماوەی ئەو هەشت مانگەدا، بڕی پێنج ترلیۆن و 467 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان نێردراوە”.
|