مەسعود بارزانی: مەرج نییە ئەو هەڵومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
498 جار خوێنراوەتەوە
مەسعود بارزانی پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئێمە هەموو نەرمییەکمان نواند، پێشتریش ڕامانگەیاندبوو کە مەرج نییە ئەو هەڵومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت. بەڵام گرنگە دەرگاکانی گفتوگۆ کراوەبن تا بتوانین بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین.
دەقی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی:
ڕۆژی یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز عرفان سدیق باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو سەرکەوتنە مەزنەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستی هێنا کە زیاتربوو لە یەک ملیۆن دەنگ . هەروەها هیوای خواست کە پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردن لە عێراق ڕێچکەی خۆی بگرێت لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی فیدڕاڵی بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی بەڕێز باڵیۆزی بریتانیای کرد، و رایگەیاند کە سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە بۆ پارتی دروستکران بەڵام بە متمانەی بەهێزی گەلی کوردستان، پارتی توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت. هەروەها سەرۆک بارزانی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی بە گرنگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور، هەموو لایەنە سیاسییەکان بە جددی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن و لێکنزیک ببنەوە و ئەزموون لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن.
هەروەها سەرۆک بارزانی رایگەیاند، پەیوەست بە پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، لای ئێمە خالی گرنگ ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک بڕوای بە فیدڕاڵی تەواو هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها بڕاویان بە جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو برگانەی لە دەستووردا هاتوون و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەسەر بنەمای دەستوور دەرکراون هەبێت کە تا ئێستا جێبەجێنەکراون، وەکو یاسای ئەنجوومەنی ئیتحادی و یاسای نەوت و گاز. هەر کەس و لایەنێک پابەندبێت بەجێبەجێکردنی دەستوور نزیکترین کەس و لایەن دەبێت لە ئێمە و لە هەرێمی کوردستان.
پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئێمە هەموو نەرمییەکمان نواند، پێشتریش ڕامانگەیاندبوو کە مەرج نییە ئەو هەڵومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت. بەڵام گرنگە دەرگاکانی گفتوگۆ کراوەبن تا بتوانین بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین.
لەسەر پرسی یەکڕیزی کورد لە بەغدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بنەمای یەکڕیزیی کورد لە بەغدا ئەوەیە کە باوەڕێکی هاوبەشمان هەبێت لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بابەتی فیدڕالییەت و پابەندبوونی بەغدا بە تەواوی بڕگەکانی دەستوور.
پەیوەندییەکانی نێوان بریتانیا لەگەل هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون، هەردوولا هاوڕابوون لە گرنگی بەردەوامی ئەو پەیوەندییانە و بەرەوپێشبردنی لە هەموو بوارەکاندا.
|