مەسرور بارزانی: هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی مووچەی ئەم مانگە و مانگەکانی دیکە نییە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
169 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی مووچەی ئەم مانگە و هەموو مووچەکانی دیکە، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی جێبەجێکردووە."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بەردی بناغەی کارگەی پاککردنەوەی ئاوی هەولێری دانا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی 9، وتی، "دواخستنی ناردنی مووچە هیچ پاساوێکی نییە چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ دابینکردنی ئەو بەشەی دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە و هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی."
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ تەنیا 8 مووچەیان وەرگرتووە، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەگەر ئەم هەفتەیە هەرێمی کوردستان 120 ملیار داهاتی نانەوتی بنێرێت، هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
مەسرور بارزانی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش قسەی کرد و رایگەیاند، "دەمانویست دوای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی کارا و هەمەلایەن پێبکبێت."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتیشی، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق "هەلومەرجێکی جیاواز هاتووەتە پێشەوە و لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ."
لەبارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانیش ئاماژەی بەوە دا، "گفتوگۆکان هەر بەردەوام بوون و نەمانوەستاندوون، بەڵام هەلومەرجی نوێ هاتووەتە پێشەوە و بەپێی ئەو هەلومەرجانە گفتوگۆ دەکەین."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 20-10-2024 کرا. تاوەکو ئێستا لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت، لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ پێکنەهاتوون.
|