ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو فۆرمی خۆراک چالاک دەکرێتەوە
2025-10-25
99 جار خوێنراوەتەوە
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و شەش مانگ راگرتن، بڕیاربوو ئەم مانگە تۆمارکردنی منداڵی لەدایکبوو بۆ فۆرمی خۆراک دەستپێبکاتەوە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێ، کۆتایی ئەم مانگە یان مانگی داهاتوو سیستمەکە کارا دەبێتەوە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، چاوەڕوانی کاراکردنەوەن.
لە 05-03-2023ـەوە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک و زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆڕمی خۆراک لە تەواوی هەرێمی کوردستان راگیراوە. هەرچەند فۆڕمی خۆراک کرایە ئەلیکترۆنی و بڕیار بوو کۆتایی ئەم مانگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ پڕۆسەکە راگیراوە.
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە هەولێر، رایگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ ئەپلیکەیشنەکە کارا نەکراوە و زیادکردنی منداڵ و گواستنەوەی فۆڕم ناکرێت."
لەبارەی کاتی کاراکردنی ئەپلیکەیشنەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمەش چاوەڕێین و هیچ کاتێکی روونمان پێ نەگوتراوە."
هاوکات ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی رایگەیاند "بەڵین دراوە سیستمەکە بکرێتەوە، کۆتایی ئەم مانگە دەبێت یان سەرەتای مانگی داهاتوو."
بەهۆی نوێکردنەوەی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، زیاتر لە 700 هەزار هاووڵاتی بەشەخۆراکیان بڕدراوە و لەم مانگەوە بڕینەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 702 هەزاریان فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕنەکردەوە و بەشەخۆراکیان بڕدرا.
|