سەعدی پیرە: زەحمەتە پێش هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە

7   کاتژمێر پێش ئێستا  231 جار خوێنراوەتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: "زەحمەتە" پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی کوردستان بتوانێ کۆببێتەوە، هەڵبژاردنەکەی عێراقیش بە "گرنگ " دادەنێ.
 
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند: "هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دوای هەڵچوونێکی گەورەی هەرێمی و نێودەوڵەتی دێت، گۆڕانکاریی هەن و دەبێ عێراق فریای خۆی بکەوێت.''
 
سەعدی پیرە باسی ئەو پرسانە دەکات بۆ کورد لە عێراق گرنگن و دەڵێت :"هەڵبژاردنەکە بۆ مەسەلەی شەڕ و ئاشتی لە عێراق، چاکسازی لە عێراق، جێبەجێکردنی دەستوور و مادەی 140، ئەمنییەتی سنوورەکان و پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ئەوەشی پەیوەندی بە رۆژئاوای کوردستانەوە هەیە، بەو ژمارەیەی کورد بەدەستی دێنێت، هەوڵدەدات بۆ ئاشتی و سەقامگیری و جێبەجێکردنی ئەو پرسانە لە عێراق .''
 
سەعدی پیرە ئەو لایەنانە بە ئۆپۆزیسیۆن دانانێ کە لە یەکێتی جیابوونەتەوە و دەڵێ: "لەنێو یەکێتی ئەو جۆرە کارانە هەر هەبووە و خۆیان تاقیکردووەتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.''
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان پێش هەڵبژاردنی عێراق، سەعدی پیرە رایگەیاند:"بە گوێرەی ئەو بارودۆخەی ئێستا دەیبینم زەحمەتە.'' 
 
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هێشتا پارتی و یەکێتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، پێش بانگەشەی هەڵبژاردن گفتوگۆیان کرد لەسەر پۆست و بەرنامەی حکومەتی داهاتوو، رێککەوتنی کۆتاییان نەکردووە.
 
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رۆژی 15ـی 10ـی 2025 بە میدیای پارتی راگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ نادەینە یەکێتی، پارتی ئەو وەزارەتە بە بەرکەوتەی خۆی دەزانێ". هۆشداریش دەدات، دوای هەڵبژاردن یەکێتی ئەوەی دەستناکەوێ کە پێش هەڵبژاردن پارتی پێی دەدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە