نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق کێیە؟

4   کاتژمێر پێش ئێستا  56 جار خوێنراوەتەوە

ترەمپ پۆستێکی دیکەی حکومیی بەخشییە بازرگان و یەکێک لە لایەنگرە سەرسەختەکانی خۆی، بەڵام ئەمجارەیان کەسایەتییەکە کە لە دەرەوەی بازنەی خۆیەتی و بە رەچەڵەک خەڵکی عێراقە و کلدانییە، ئەو کەسەش مارک ساڤایا-یە کە بازرگانێکی دیاری بواری ماددەی هۆشبەری جۆری (ماریوانا)یە، لەو ماددەیەش دەرمانی پزیشکی بەرهەم دەهێنێت. ساڤایا دەبێتە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق.
 
شەوی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیال ترووس دەستنیشانکردنی مارک ساڤایای لەو پۆستە نوێیەدا راگەیاند.
 
ساڤایا، بازرگانێکی ناسراوی شاری دیترۆیتی پایتەختی ویلایەتی میشیگنە، چالاکوانێکی نێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامە و چەندین جار لەگەڵ ترەمپ بیندراوە و وێنەی لەگەڵ گرتووە.
 
ترەمپ، لەبارەی مارک ساڤایا-وە دەڵێت، "خۆشحاڵم رایبگەیێنم کە مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق دەستنیشان کرا. تێگەیشتنی قووڵی مارک لە عێراق و ئەمریکا، پەیوەندییەکانی و پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا یارمەتیدەر دەبن بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئەمریکا."
 
ترەمپ لەبارەی ساڤایاوە زیاتر دەڵێت، "مارک ئەکتەرێکی سەرەکی بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنم لە میشیگن، لەوێ خۆی و ئەوانی دیکە یارمەتیدەر بوون بۆ بەدەستهێنانی دەنگێکی پێوانەیی لەنێو موسڵمانانی ئەمریکا. پیرۆزە، مارک!"
 
شاری دیترۆیت و ویلایەتی میشیگن ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمان و عەرەب و بەتایبەتی عێراقیی تێدا دەژین، دەنگیان کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەیە.
 
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی رابردوو لە ویلایەتی میشیگن، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان زیاتر لە 49%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا بەرامبەر بە بەدەستهێنانی 48.3% بۆ کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان. نزیکەی 5%ی دانیشتووانی ویلایەتی میشیگن موسڵمانن.
 
بەگوێرەی پەیجەکەی لە لینکدئین، ساڤایا هیچ ئەزموونێکی لە کاروباری حکومی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ویلایەت و فیدراڵیی ئەمریکا نییە.
 
ئەو خاوەن کارێکی بە رەچەڵەک عێراقیی کلدانییە و لە شاری دیترۆیت دەژی و کار دەکات. لەوێ زنجیرەیەک دەرمانخانەی تایبەتی بە بەکارهێنانی ماددەی ماریوانا بۆ دەرمانی پزیشکی بەناوی "لیف و بەد"، دامەزراندووە.
 
پاش نیوەڕۆی یەکشەممە لە پێگەی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، ساڤایا نووسیویەتی، "زۆر شەرەفمەند و سوپاسگوزارم بۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کە منی وەکو نێردەی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری عێراق دەستنیشان کرد. پابەند دەبم بە بەهێزکردنی هاوبەشیی ئەمریکا و عێراق لەژێر سەرکردایەتی و رێنوێنیی سەرۆک ترەمپ. سوپاس جەنابی سەرۆک."
 
مارک ساڤایا، لە ساڵی 1985 لە عێراق لەدایکبووە و لە ساڵانی 1990ـەکان عێراقی جێهێشتووە، لەگەڵ خێزانەکەی روویان لە ئەمریکا کردووە.
 
"هەوڵێکی ناخۆش بۆ ئێران"
 
لەدوای دەستنیشانکردنی مارک ساڤایا بۆ ئەو پۆستە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، یەکێک لەوانەی هەر زوو پیرۆزبایی لە مارک کرد، ئیلیزابێس تسورکۆڤی توێژەری ئیسرائیلی - رووسی بوو، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە بە بارمتە گیرابوو و مانگی رابردوو ئازاد کرا.
 
مارک ساڤایا یەکێک بوو لەوانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی تسورکۆڤدا هەبووە.
 
تسورکۆڤ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی ساڤایا و دەستنیشانکردنی وەکو نێردەی تایبەتی عێراق نووسیویەتی، "پیرۆزبایی لە مارک ساڤایا دەکەم بۆ ئەم پۆستە گرنگە. مارک رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ئازادکردنم دوای 903 رۆژ لە دەستبەسەرکردنم لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە میلیشیایەکی عێراقین و خزمەتی ئێران دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بدرێت بە حیزبوڵڵا. ئەمە هەواڵێکی ناخۆشە بۆ هەر کەسێک، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق دەکات و دەیەوێت سەروەریی عێراق لاواز بکات."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە