بانکی ناوەندیی 11 رێنمایی بۆ مامەڵەکانی گومرگی و دارایی دەرکرد
10 کاتژمێر پێش ئێستا
63 جار خوێنراوەتەوە
بانکی ناوەندیی عێراق، بە مەبەستی بەئەلیکترۆنیکردن و نوێکردنەوەی سیستمی گومرگی و چاودێریکردنی زیاتری مامەڵەی دارایی نێودەوڵەتی، کۆمەڵێک رێنوێنیی نوێی دەرکرد. بەگوێرەی رێنوێنییەکان، لەمەودوا هەر پسوولەیەکی بازرگانی بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، دەبێت 11 زانیاریی وردی لەسەر بێت، لەوانەش کۆدی هاوئاهەنگیی گومرگیی جیهان (HS Code)، رێنوێنییەکانیش لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێن.
عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گشتاندنێکی ئاراستەی سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی عێراق کرد. لە گشتاندنەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە پشتبەستن بە نووسراوی وەزارەتی دارایی/دەستەی گشتیی گومرگەکان سەبارەت بە پڕۆژەی نیشتمانیی بەئەلیکترۆنیکردن و نوێکردنەوەی گومرگەکان، بە ژمارە (58/18س/5856) لە 02-09-2025 و گشتاندنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (569) بۆ ساڵی 2025، هەروەها بە پشتبەستن بە گشتاندنی خۆیان ژمارە (952/س/46) لە 20-08-2025، بڕیارەکانیان داوە.
بڕیارەکان ئەمانەن:
یەکەم: پسوولە بازرگانیی پێویست بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، دەبێت ئەم زانیارییانەی خوارەوە لەخۆبگرێت:
1. رێکەوت و ژمارەی پسوولە.
2. مەرجەکانی پارەدان.
3. مەرجەکانی گواستنەوەی بار.
4. نرخ و دراوی پسوولە.
5. کۆدی هاوئاهەنگیی گومرگیی جیهانی (کە نابێت لە شەش ژمارە کەمتر بێت).
6. ناونیشانی هاوردەکار و هەناردەکار.
7. ناساندنێکی وردی کاڵاکان.
8. وڵاتی بەرهەمهێنەری کاڵاکان.
9. مارکەی بازرگانی.
10. بڕ و یەکەی پێوان.
11. نرخی یەکە و کۆی گشتیی نرخ.
دووەم: پەسندکردنی ئەم جۆرە پسوولانە:
- پسوولەی بازرگانیی کۆتایی.
- پسوولەی سەرەتایی لەگەڵ گرێبەستی کڕین، بە مەرجێک پسوولەی کۆتایی هەموو زانیارییەکانی پسوولەی سەرەتایی لەخۆبگرێت.
سێیەم: پەسندکردنی پسوولەکان لە پڕۆسەکانی گواستنەوەی دارایی و پاکتاوکردنی گومرگی لە 01-11-2025ـەوە دەستپێدەکات.
|