هەشت ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەردا تێدەپەڕێت

4   کاتژمێر پێش ئێستا  50 جار خوێنراوەتەوە

ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری2017دا تێدەپەڕێت، کە بەهۆییەوە زیاتر لە 51% ـی خاکی هەرێمی کوردستان لە دەستدراو و تا ئێستاش لێکەوتەکانی ڕووداوەکە کۆتاییان نەهاتووە. 

بەهۆی ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە تایبەت لە کەرکووک سەدان پۆستی ئیداری و مافی ڕەوای خۆی لەدەستدا و هەزاران کەس ئاوارە بوون و ماڵیان بە تاڵان بردرا، تا ئێستاش بەشێک لە ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. 

لەم ڕۆژەدا سوپای عێراق گەڕایەوە شاری کەرکوک و کۆتایی بە دەسەڵاتی کورد و یەکێتیی و پارتی لەکەرکوک هێنا

لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانی بە فرۆشتنی کەرکوک تۆمەتبار دەکات و ساڵانە وەک خیانەتی بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتیی باسی دەکات و یادی دەکاتەوە.

بە هەمان شێوە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ڕۆژەدا و لەکەرکوک بە دەستکەوت دەزانێت و دەڵێت کەرکوکمان لە بەحەڵەب بوون و وێران بوون پاراست.

بەهۆی ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە ڕووبەری 44 هەزار کیلۆمەتری چوار گۆشە لە خاکی کوردستان لە دەستدرا، کە دەکاتە ڕووبەری %51ـی کۆی گشتیی خاکی باشووری کوردستان، هەر بەهۆیەوە شاری کەرکووک کە ناوەندی پارێزگای کەرکووکە و لەگەڵ 16 شارۆچکە و 44 شارەدێ لە دەستدران.

هەر بەهۆی ڕووداوەکانەوە 53 هەزار خێزان ئاوارە بوون و سێ هەزار ماڵ بە تاڵان بردران و 200 خانووی هاووڵاتییان سووتێندران، ئەمەش وایکرد جارێکی دیکە دەرگای تەعریب دژ بە موڵک و ماڵی هاووڵاتییان کورد بکرێتەوە، بە تایبەت لە ناوچەکانی کەرکووک، خورماتوو، دوبز، حەمدانیە و بەرتلە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە