کەجەکە وادەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چەکدانانی گەریلاکان ئاشکرا دەکات
5 کاتژمێر پێش ئێستا
213 جار خوێنراوەتەوە
کۆما جڤاکێن کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە رێوڕەسمە سیمبولیکەکەی چەکدانانی گەریلا پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، سەرچاوەیەک لە دەم پارتی بە رووداوی راگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە کە رێوڕەسمەکە رۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاندووە: "ئاگادار کراوینەتەوە هەینی 11ـی تەمموز رێوڕەسمی چەکدانانەکە بەڕێوەدەچێت".
کەجەکە لە نامەیەکدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، رایگەیاندووە رێوڕەسمەکە پێشنیوەڕۆی رۆژی 11ی تەمموز لە ناوچەی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، رێوڕەسمەکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت. سەرچاوەکە وتی: "شوێنی چەکدانانەکە نەگۆڕاوە".
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو گرووپەی بڕیارە وەکو "نیازپاکی" چەک دابنێن، ژمارەیان لە نزیکەی 20 بۆ 30 گەریلادا دەبێت.
شەوی رابردوو کەجەکە رایگەیاند، بەهۆی باردووخۆی "ئەمنی"ـەوە رۆژنامەوانان ناتوانن راستەوخۆ لە گۆڕەپانی رێوڕەسمەکە ئامادە بن و پەخشی راستەوخۆش ناکرێت".
لە راگەیێندراوەکەدا کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند: "لە جێگایەکی نزیک رێوڕەسمەکە شاشەیەکی گەورە ئامادە دەکرێت، لە دوای رێوڕەسمەکە دیمەنی تۆمارکراو لەو شاشەیە پێشان دەدرێت؛ تاکە رێگەیە رۆژنامەڤانان بتوانن زانیاری لێوە وەربگرن".
|