دەزگای ئاسایشی هەرێم: دوو درۆن لە سلێمانی کەوتنەخوارەوە

12   کاتژمێر پێش ئێستا  461 جار خوێنراوەتەوە

سەعات 10:30 ی شەوی سێ شەممە دەنگێکی بەهێز لە نزیک تاسڵوجە بیسترا و دوای ئەوەش ئاگر لەشوێنەکەی کەوتەوە، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم-یش رایدەگەیەنێت:"دوو درۆن لەناوچەی تاسڵوجەی سنوری سلێمانی کەوتوونەتە خوارەوە".

لەڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست 7ROJ کەوتووە، عەقید سەلام عبدالخالق-وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند:"کەمێک لەمەوبەر دوو درۆن لەناوچەی تاسڵوجەی سنوری سلێمانی کەوتنە خوارەوە و دەستەبەجێ تیمەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە  دەستیپێکردووە، هاوکات رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

هاوکات لیوا ئەحمەد لەتیف وتەبێژی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە رایگەیاند :" سەعات 10:30 شەو لە تاسڵوجە دوو درۆن لەلایەن هێزەکانمانەوە لە دووشوێنی جیا خرانەخوارەوە".

وتیشی:"رووداوەکە هیچ زیانێکی بەدواوە نەبووە و تا ئێستا نەزانراوە درۆنەکان سەر بە کێن و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی روداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە".

ئەوە لەکاتێکدایە، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بەرەبەیانی سێشەممە 1ی تەممووزی 2025، کاتژمیر00:30، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە کەمپی دەرکارێ لە سنووری ناحیەی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتە خوارەوە، خۆشبەختانە جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە."
 
هەروەها شەوی دووشەممە، عامر نووری، وتەبێژی پۆلیسیی کەرکووک بە میدکانی راگەیاند، دوو مووشەک لە کەرکووک کەوتوونەتە خوارەوە، یەکێکیان بەر سەربانی ماڵێک کەوتووە لە گەڕەکی عرووبە، ئەوی دیکە لە فڕۆکەخانەی سەربازی کەرکووک کەوتووەتە خوارەوە.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە