نەتەنیاهوو: زیانی زۆرمان بە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاندووە
12 کاتژمێر پێش ئێستا
76 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا هێرشەکانی وڵاتەکەی زیانی گەورەیان بە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاندووە. ئەو هەڕەشەی بەردەوامی و چڕکردنەوی هێرشەکانی وڵاتەکەشی بۆ سەر ئێران کرد.
بنیامین نەتەنیاهو لەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران رایگەیاند، "هێرشمانکردە سەر تیمیکی زاناکانیان کە سەرپەرشتی ئەو پڕۆژانە دەکەن". دەشڵێت، بەهۆی ئەو هێرشەوە پڕۆگرامەکە چەند ساڵێک دواکەوت.
دوێنێ، ئیسرائیل بە 200 فرۆکە و ژمارەیەک درۆن دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کرد، دواتر ئێران دەستی بە وەڵامدانەوە کرد و ئیسرائیلی مووشەکباران کرد.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، "بەهۆی مووشەکە بالستییەکانەوە هەڕەشەی گەورەش هەیە". دەشڵێت، وڵاتەکەی کار بۆ تێکشکاندنی توانای تاران لە هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی دەکات.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "بەمزووانە، فرۆکەی جەنگیی ئیسرائیل لە ئاسمانی تاران دەبینن. هێرشدەکەینە سەر هەموو ئامانجێکی سەر بە رژێمی ئایەتوڵـڵا".
وتیشی ئەوەی کردوومانە بەراورد ناکرێت بەوەی لە چەند رۆژی داهاتوو لە ئێران دەیکەین و باسی لەوەشکرد ئێران 20 هەزار مووشەکی بالیستیی هەیە.
لە بەرامبەردا مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە شاباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانی راگەیاند، "بە بەردەوامی دەستدرێژی، رژێمی زایۆنی رووبەڕووی وەڵامێکی بەهێزتری ئێران دەبێتەوە". وتیشی، "رژێمی زایۆنی بە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات".
|