رۆدریگۆ یەک مەرجی بۆ رۆیشتن لە ریال مەدرید هەیە
5 کاتژمێر پێش ئێستا
18 جار خوێنراوەتەوە
رۆدریگۆ گۆس، هێرشبەری بەرازیلیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رازی بووە ریزەکانی یانەی شاهانە جێبهێڵێت، بەڵام یەک مەرجی هەیە بۆ ئەوەی لەو یانەیە بچێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە مێرینگێ، داهاتووی رۆدریگۆ گۆسی هێرشبەری باڵی بەرازیلی لەگەڵ ریال مەدرید نادیارە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەواڵەکان لەزیادبووندان سەبارەت بە داهاتووی ئەو یاریزانە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر لۆس بلانکۆس بڕیار بدات لە گواستنەوەی هاوینەدا ئەو یاریزانە بفرۆشێت ئەو لاری لەوە نابێت ریزەکانی ریال مەدرید جێبهێڵێت، بەڵام بەمەرجێک.
بەگوێرەی بەرنامەی ئێل چیرینگویتۆی بەنێوبانگی ئیسپانی "رۆدریگۆ دەزانێت کە ئەگەری ئەوە هەیە ناوی لەنێو ئەو ناوانەدا بێت کە ریال مەدرید لەم هاوینەدا دەیانەوێت بیانفرۆشێت بۆ ئەوەی هاوسەنگیی دارایی بەدەستبهێنێت، بۆیە رازی دەبێت بڕوات، بەڵام یەک مەرجی بۆ جێهێشتنی سانتیاگۆ بێرنابیۆ داناوە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت گواستنەوەی تەنیا بۆ یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بێت، بەسەرکردایەتی پێپ گواردیۆلای راهێنەر".
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات "رۆدریگۆ راشکاوانە بەبەرپرسانی یانەی شاهانەی راگەیاندووە کە ئەگەر ویستی فرۆشتنی ئەویان هەبێت، ئەو لاری نابێت لەوەی بڕوات، بەڵام دەبێت بە مانچێستەر سیتی بفرۆشن و جگە لەو یانەیە ئامادەنییە بچێتە هیچ یانەیەکی دیکە".
لە بەرنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "رۆدریگۆ بەنیازە بچێتە مانچێستەر سیتی، بەڵام ئەگەر یانەکە نەتوانێت وەرزی داهاتوو سەرکەوێت بۆ چامپیۆنزلیگ، لەوانەیە یاریزانە بەرازیلییەکە لەو مەرجەشی پاشگەز ببێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "رۆدریگۆ چاوەڕێ دەکات تاوەکو چابی ئەلۆنسۆ وەک راهێنەری تیپەکە دەستبەکار دەبێت بۆ ئەوەی بزانێت ئایا دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت، بەتایبەتی کە راهێنەرە ئیسپانییەکە پێکهاتەی 3-5-2 لەگەڵ لیڤەرکوزن جێبەجێ دەکرد، کە لەوانەیە لەگەڵی نەگونجێت".
رۆدریگۆ لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، کە لە 26ـی نیسان ئەنجامدرا، لەنیوەی یەکەمدا گۆڕانکاری پێکرا و چیدی یاری بۆ ریال مەدرید نەکردووەتەوە.
|