خاو یان خێرا نانخواردن.. کامیان تەندروسترن؟
5 کاتژمێر پێش ئێستا
23 جار خوێنراوەتەوە
شارەزایەکی خۆراک پێشنیاری جوینی خواردن بەباشی دەکات بۆ ئەوەی خواردنەکان جوان هەرس بکەیتو بەرنگاری نەخۆشییەکان ببیتەوە.
بەگوێرەی بابەتێکی تەندروستی ئێکسپرێس، دکتۆر پیتەر گارتنەر کە وەک بەڕێوەبەری بەرهەمەکانی پزیشکی پارک ئیگلز لە نەمسا کاردەکات دەڵێت، جوینی هەر خۆراکێک بەلایەنی کەمەوە ٣٠ جار یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ، ئەو کەسانەی پەلە دەکەن لە خواردنی ژەمەکانیان بەهۆی خواردنی هەرس نەکراوەوە تووشی زیانی تەندروستی دەبن، ئەم خووەی خێرا قووتدانە دەبێتە هۆی هەوکردنی ریخۆڵە و لەناوبردنی ئەو خانە بەرگرییانەی کە لەناویدا هەڵگیراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسێکی ئاسایی تەنها بۆ ماوەی ١٠ چرکە خواردنەکانی دەجوێت بەڵام جوینی هەر خواردنێک بەوردی دەتوانێت ریخۆڵەکان بە تەندروستی بهێڵێتەوە لەڕێگەی پێش هەرسکردنی خۆراکەوە، لەم کارەدا هەموو پارچەیەک لەرێگەی لیکەوە دەشکێت و بەشێوەیەکی ئاسانتر دەگەیەنرێت، بەبێ ئەوەی پەستان بخاتە سەر ریخۆڵەکان.
ئەم شێوازەی گارتنەر لەسەر بنەمای تیۆرییەکانی فرانز مێیەری پێشەنگی پزیشکی سەدەی بیستەم دامەزراوە، ئەم تیۆرییانە جەخت لەسەر پێویستی جوینی خۆراک بەهێواشی و کات بۆ خواردن دانان دەکەنەوە بەبێ هیچ سەرقاڵکردنێک.
دکتۆر گارتنەر روونیکردەوە،"بیرۆکەی ئەو ئەوە بوو کە ریخۆڵە ناوەندی جەستەمانە و سەلمێندراوە کە ئەوە راستە، هەموو شتێک لە جەستەماندا راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ریخۆڵەکانمانەوە."
هێشتنەوەی ریخۆڵە بە تەندروستی، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە رێگریکردن لە گواستنەوەی پرۆتینێک کە پەیوەندی بە نەخۆشی پارکینسۆنەوە هەیە لە ریخۆڵەوە بۆ مێشک، هەروەها نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم و نەخۆشییەکانی دڵ و خەمۆکی پەیوەندییان بە خراپی کارکردنی ریخۆڵەوە هەیە.
مایر پزیشکێکی نەمسایی بوو، پێیوابوو تەندروستی گشتی باش پەیوەندی بە ریخۆڵەکانەوە هەیە و دەتوانرێت چارەسەری نەخۆشەکان بکرێت بە هێشتنەوەی لە دۆخێکی باشدا.
|