مەسرور بارزانی: دۆست و هاوپەیمانی جێگەی متمانەی ئەمریکاین

5   کاتژمێر پێش ئێستا  54 جار خوێنراوەتەوە

مەسرور بارزانی دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆست و هاوپەیمانێکی جێگەی متمانەی ئەمریکایە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانجیانە پاڵپشتیی ئەمریکا بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە ناوچەیەکی سەقامگیرتر و پێشکەوتووتر. 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەبراهام حەمادە، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنتن دی سی کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی قسەی بۆ میدیاکان کرد
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سوپاسی سەرۆک ترەمپ، حکومەتی ئەمریکا، ئەم ئیدارەیە و خەڵکی ئەمریکاش دەکەین بۆ پاڵپشتیی بەردەوامیان بۆ خەڵکی ئێمە، بۆ پێشمەرگەکانمان کە شانبەشانی ئەمریکییەکان دژی تیرۆریزم شەڕیان کردووە". 
 
مەسرور بارزانی وتی: "ئێمە دۆست و هاوپەیمانین، هاوپەیمانی جێگەی متمانەین. پێشبینی ئەوە دەکەین کە پەیوەندییەکەمان بەهێزتر و بەردەوام بێت بۆ مەبەستە هاوبەشەکان. ئێمە لە چەندین بەهادا هاوبەشین". 

دەقی وتەکانی مەسرور بارزانی و ئەبراهام حەمادە"
 
مەسرور بارزانی: سوپاسی سەرۆک ترەمپ، حکومەتی ئەمریکا، ئەم ئیدارەیە و خەڵکی ئەمریکاش دەکەین بۆ پاڵپشتیی بەردەوامیان بۆ خەڵکی ئێمە، بۆ پێشمەرگەکانمان کە شانبەشانی ئەمریکییەکان دژی تیرۆریزم شەڕیان کردووە. ئێمە دۆست و هاوپەیمانین، هاوپەیمانی جێگەی متمانەین. پێشبینی ئەوە دەکەین کە پەیوەندییەکەمان بەهێزتر و بەردەوام بی بۆ مەبەستە هاوبەشەکان. ئێمە لە چەندین بەهادا هاوبەشین. ئێمە باوەڕمان بە سیاسەتی سەرۆک ترەمپ بۆ ئاشتی، سەقامگیری و پێشکەوتنی ئابووری هەیە. ئێمە لێرەین بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئەوەی ئەو کارە لە هەرێمەکەماندا بکەین کە باوەڕمان وایە ئێستا کاتی ئەوەیە لە هەرێمێکی سەقامگیرتر و پێشکەوتووتر بەشداربن.  
 
ئەبراهام حەمادە: گفتوگۆیەکی زۆر باش بوو. جەنابی سەرۆکوەزیران، سوپاس بۆ ئەم پێشوازییە. جێگەی شانازییە کە یەکێکم لە ئەندامانی کورد کە بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا هەڵبژێردراوم. دەزانین کە کۆمەڵگەی کوردی هەیە. کوردەکان لەگەڵ سوپای ئەمریکا بوون و شەڕی داعشیان کرد. ئێمە هیچ کات ئەوە لەبیرناکەین کە ئەوان کردیان. جێگەی نیگەرانییە کە ئەوەی زۆرجار دەیبینین بریتییە لەوەی عێراق زیاتر لە ئێران نزیک دەبێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە دەبێت ئێمە کاریگەری ئێران لە ناوچەکەدا بوەستێنین. ئێمە دەزانین کە ئێران دەیەوێت تەواوی ناوچەکە ناسەقامگیر بکات، هەروەک چۆن لە لوبنان و سووریا کردی. ئێمە ناتوانین رێگە بدەین لە چیرۆکە سەرکەوتووەکانی وەک کوردستان ئەوە رووبدات. دەبێت دڵنیا بین کە کوردستان ئامرازی پێویستی لەبەردەستدایە و سیاسەتی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی پێشکەوتن بەدەستبێنێت. ئەوان خۆیان کاری زۆر باشیان کردووە، بەڵام ئاستەنگی زۆریشیان لەپێشە. ئەوان پاڵپشتی من و زۆر ئەندامی کۆنگرێسیان هەیە. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە