مەسرور بارزانی سەردانی ئەمریکا دەکات

2   کاتژمێر پێش ئێستا  41 جار خوێنراوەتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمریکا دەکات و چەند کۆبوونەوەیەکی دەبێت. 

بە گوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "سەرۆکی حکومەت لە سەردانەکەدا کۆبوونەوە و دیداری گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دەبێت؛ لە رۆژانی داهاتووشدا وردەکاریی سەردانەکە بڵاودەکرێتەوە."
 
26-2-2024 مەسرور بارزانی چووە ئەمریکا و لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆبووەوە.
 
ماتیو میڵەر، وتەبێژی ئەوکاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا باسی لە کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و ئەنتۆنی بلینکن کرد.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو: "وەزیری دەرەوە بلینکن و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی پابەندبوونی هاوبەش و ماوەدرێژ بە ئاسایشی ناوچەکە و بەها هاوبەشەکان، لەوانەش بەڕێوەبردنی باش و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، جەختیان لە گرنگی هاوبەشیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق کردەوە".
 
وتەبێژی ئەو کاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولا باسیان لە گرنگیی بەشداریکردنی کورد لە لیژنەی باڵای سەربازیی هاوبەشی نێوان عێراق-ئەمریکا کرد کە دەبێتە هۆی دروستبوونی هاوبەشی ئەمنی بەردەوامی دوولایەنەی نێوان ئەمریکا و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
 
کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریکا بوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە 1ی ئاداری 2024 کە هەمان رۆژی کۆبوونەوەکە بوو بڵاویکردەوە، "مەسرور بارزانی داوای لە ئەندامانی ژوورەکە کرد، سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا ببینن."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە