“پشکنینی شەکراو خواردنەوە” چییە؟

2025-02-20  92 جار خوێنراوەتەوە

د. یوسف خەتی، پزیشكی پسپۆڕی هەناو و كوێرەڕژێنەكان ئاماژە بەوە دەكات، کاتێک شەکراو بەنەخۆش دەدرێت و پاشان ڕێژەی شەکرەی پێوانە دەکرێت، نەخۆش پێویستە بەیانیەکەی هیچی نەخواردبێت (نەخورین)ی بێت، بەمانای لایەنی کەم 8 کاتژمێر بێت خواردنی نەخواردبێت جگە لە ئاوخواردنەوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، 75 گم شەکر (گلوکۆز)ی بۆ دەکرێتە ناو گلاسێک ئاو و تواوەی شەکرەکەی پێ دەدرێت بیخواتەوە و دوای (2) کاتژمێری تەواو ڕێژەی شەکرەی دەپێورێت.

ئەم پشکنینە بۆ چیە؟

ئەو پشکنینە بۆ سێ حاڵەت ئەنجام دەدرێت.

یەکەمیان/ بۆ دەستنیشان کردنی شەکرەی دووگیانی.
دووەمیان/ بۆ دڵنیابون لە هەبوون و نەبوونی شەکرە، ئەویش تەنیا کاتێک ڕێژەی شەکرەی کەسێک لەنێوان هەردوو زۆندایە، واتە گوماناوییە و دیار نیە شەکرەی هەیە یان نا.
سێیەمیان/ بۆ دەستنیشانکردن و بەدواداچونی نەخۆشی (فرەهۆڕمۆنی گەشە).

ئەنجامەکان چۆن لێک دەدرێنەوە؟

1- ئەگەر ڕێژەی شەکرەی دوای دوو كاتژمێرەكە لە نێوان 80 بۆ 139 mg/100 ml بێت ئەوە بە ئاسایی دادەنرێت.

2- ئەگەر ڕێژەی شەکرەی لە نێوان 140 بۆ 199 mg/100 ml دا بێت، ئەوە پێشی شەکرەیە، واتە نزیکە لەشەکرە، بەڵام تەواو نیەتی.

3- ئەگەر شەکرەی دوو کاتژمێر دوای شەکراو خواردنەوەکەی (200) یان زیاتر بێت ئەوە ئەو کەسە شەکرەی هەیە.

4- بۆ ئافرەتی دووگیان ئەگەر شەکرەکەی 155 mg/100 ml یان زیاتر بێت ئەوا شەکرەی دووگیانی هەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە