ئینتەر یارییە مێژووییەکەی لە بارسێلۆنا بردەوە و گەیشتە کۆتایی چامپیۆنزلیگ
16 کاتژمێر پێش ئێستا
106 جار خوێنراوەتەوە
یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی سەرکەوتنێکی مێژوویی بەرامبەر یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، ئینتەرمیلان لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی.
دوای 11 خولەک یاریکردن، لاوتارۆ مارتینێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ نیرازۆری تۆمار کرد، پاشان لە خولەکی 46 هاکان چالهانئۆغڵو گۆڵی دووەمی بە لێدانی سزا تۆمار کرد و خاوەن یاریگای کردە خاوەنی دوو گۆڵ، نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی خاوەن یاریگا کۆتایی هات.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا یانەی بارسێلۆنا بەهێزەوە گەڕایەوە نێو یاریگە، لە خولەکی 54 ئێریک گارسیا ئەنجامەکەی کەمکردەوە، دوای شەش خولەک دانی ئۆلمۆ ئەنجامەکەی بۆ بارسێلۆنا راست کردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
لە خولەکی 87 رافینیا گۆڵێکی دیکەی بۆ بارسێلۆنا تۆمار کرد و هاندەرانی یانەکەی دڵخۆش کرد و هەمووانی هێنایە سەر ئەو بۆچوونەی کە بارسا ریمۆنتادا دەکات و یارییەکە دەباتەوە. بەڵام پێش لێدانی فیکەی کۆتایی کاتی ئاسایی یارییەکە، فرانچێسکۆ ئەچێربی ئەنجامەکەی بۆ ئینتەرمیلان راست کردەوە، کاتی ئاسایی یارییەکە بە سێ گۆڵ بۆ هەر لایەک بە یەکسانبوون کۆتایی هات و 30 خولەکی کاتی زیادکراو درایە یارییەکە.
لە خولەکەکانی زیادکراودا داڤیدێ فراتێسی بۆ جاری چوارەم تۆڕی گۆڵی یانەی بارسێلۆنای هەژاند، یارییەکە بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ کۆتایی هات.
ئینتەرمیلان بە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە 7 گۆڵ بەرامبەر 3 لە بارسێلۆنای بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ. ئەمە جاری حەوتەمە لە مێژوویدا یانە ئیتاڵییەکە دەگاتە یاریی کۆتایی خۆی لە خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا، لە یاریی کۆتاییدا یانەکە بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی و ئارسناڵی ئینگلیزی یاری دەکات.
یانەی ئینتەرمیلان لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا لە یاریگەی خۆیدا لە چامپیۆنزلیگدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە 16 یارییدا 13 یاریی بردووەتەوە و لە 11 یارییدا گۆڵەکەی بە پاکی راگرتووە.
|