یامال: هەندێکجار لە فلیک تووڕە دەبم

2025-03-31  92 جار خوێنراوەتەوە

لامین یامال، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا باسی لە هەستکردنی بەتووڕەیی کرد لە هەندێک هەڵوێست و کاتدا. گوتی "هەندێکجار لە هانزی فلیکی راهێنەر تووڕە دەبم".
 
لامین یامال هێرشبەری لاو باس لەوە دەکات کە چۆن هەندێکجار هەست بەتووڕەیی دەکات بەرامبەر هانزی فلیکی راهێنەری بلاوگرانا.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی هەندێکجار لە فلیک تووڕە دەبێت؟ یامال لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی "هیچ یاریزانێک حەزی لە گۆڕانکاری نییە، منیش حەزناکەم، بەڵام کاتێک دەچمە دەرەوە، هیوای من ئەوەیە کە تیپەکەم گۆڵ تۆماربکات، بەگشتی ئەوە شتێکی ئاساییە، دەمەوێت بەشداری بکەم و خولەکی زیاتر بەدەستبهێنم".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "پێموانییە لە کاتی یارییەکاندا هەست بە ماندووێتی بکەم، دەمەوێت بەردەوام بم لە یاریکردن، چونکە باوەڕم وایە دەتوانم زیاتر یاری بکەم، بەڵام ئەگەر راهێنەرەکە بەو شێوەیە سەیرم نەکات، پێدەچێت لەبەرئەوە بێت کە پێیوایە ماندوو بووم، بۆیە دەبێت لەوە تێبگەم".
 
سەبارەت بەوەی هانزی فلیک هەستی بەتووڕەیی ئەو کردووە کاتێک لە چامپیۆنزلیگدا گۆڕانکاری پێکردووە، ئەو یاریزانە روونیکردەوە "بەڵێ فلیک هاتە لام و هۆکاری گۆڕانکارییەکەی بۆ روونکردمەوە. ئەو هەست پێدەکات کاتێک تووڕە دەبم، ئەوەش ئاساییە، هۆکاری گۆڕانکارییەکەم بۆ رووندەکاتەوە و داوام لێدەکات ئارام بم. شتە باشەکەی تۆپی پێ ئەوەیە کە هەمیشە لە سێ رۆژدا یارییەکی دیکە هەیە".
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ فلیک، بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە گەورەکەی تەمەنی نێوانیان، یامال گوتی "هەر لەسەرەتاوە زۆر باش بوو، پێش ئەوەی لە هاویندا بگاتە ئێرە، من لە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 بووم و قسەم لەگەڵی کرد".
 
یامال لە کۆتاییدا گوتی "بەڕاستی سەرسامم بەو سۆزە گەورەیەی کە بۆ هەموومان هەیەتی، هەوڵدەدات لەگەڵ هەمووان قسە بکات و شتەکان روونبکاتەوە، جا تۆ یەدەگ بیت یان یاری نەکەیت، من ئەو بەیەکێک لەو باشترین راهێنەرەکان دەزانم کە لەگەڵیدا کارم کردوون".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە