عێراق پێویستی بە چییە بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026؟

2025-03-26  150 جار خوێنراوەتەوە

هەڵبژاردەی عێراق گورزێکی چاوەڕواننەکراوی بەرکەوت و بەئەنجامی 1-2 بە هەڵبژاردەی فەڵەستین دۆڕا، و دابەزی بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندیی کۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026.
 
عێراق بە خاوەنی 12 خاڵ مایەوە و بە خاڵێک لە هەڵبژاردەی ئوردن دوورکەوتەوە، کە بە یەکسانبوونێکی بەنرخ بەرامبەر کۆریای باشوور گەڕایەوە و چووە پلەی دووەم.
 
سەرەڕای ئەو شکستە کاریگەرەی بەرامبەر فەڵەستین، هێشتا هیوای شێرەکانی رافیدەین بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی بلیتی راستەوخۆی گەیشتن بە مۆندیال ماوە، بەڵام بێگومان ئەرکی تیپەکە ئێستا ئاڵۆزتر بووە، بەو پێیەی پێویستە لە گەڕی نۆیەمدا لە بەسرە سەرکەوتن بەسەر کۆریای باشوور بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی هەڵوێستی کۆمەڵەکە بگۆڕدرێت.
 
کۆریای باشوور بەسەرکردایەتی سۆن هیونگ مینی ئەستێرەی یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی  بە 16 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەی دووەمی گرتووە و ئوردنیش بەکۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی دووەمدایە، عێراقیش بە 12 خاڵ لە رکابەرییەکەدا ماوەتەوە و تەنیا دوو خاڵ لەپێش عومانەوەیە، کە بەبردنەوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە کوێتی بردەوە.
 
عێراق پێویستی بە چییە بۆ سەرکەوتن؟
 
لەڕووی بیرکارییەوە هێشتا کێبڕکێ لەسەر پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە کراوەیە، بەڵام چارەنووسی عێراق تاڕاددەیەکی زۆر لە یاریی یەکلاکەرەوەی بەرامبەر کۆریای باشوور، لە 5ـی حوزەیران دیاری دەکرێت.
 
• بردنە لە کۆریای باشوور: ئەم بردنەوەیە عێراق نزیک دەکاتەوە لە پلەی یەکەم، بەڵام گەرەنتی سەرکەوتنی راستەوخۆ ناکات، مەگەر هاوکات ئوردنیش لە هەمان گەڕدا بەرامبەر عومان تووشی کۆسپێک ببێت، کە یارییەکە لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچێت.
 
• نەدۆڕاندن بەهەر نرخێک بێت: تەنانەت بە یەکسانبوون بەرامبەر کۆریای باشوور هیواکانی عێراق بۆ سەرکەوتن بەشێوەی راستەوخۆ بەزیندوویی دەهێڵێتەوە، بەڵام ئەوە وادەکات تیپەکە پێویستی بەوە بێت لە گەڕی کۆتاییدا بەرامبەر ئوردن لە عەممان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبێنێت.
 
• ئەنجامەکانی ئوردن و کۆریای باشوور: ئەگەر عێراق بە کۆریای باشوور دۆڕا، چارەنووسی تیپەکە دەکەوێتە دەست تیپەکانی دیکە، و ئەنجامەکانیان بڕیار لەسەر چارەنووسی هەڵبژاردەی عێراق دەدەن، کە بێگومان ئەمە ئەرکەکە زۆر ئاڵۆزتر دەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە