چوارینەکەی ئەرجەنتین، خەونی ئەنچێلۆتی زیندوو دەکاتەوە
2025-03-28
163 جار خوێنراوەتەوە
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، جارێکی دیکە دۆسێی گرێبەستکردن لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدریدی هێنایەوە بەر باسوخواس، پاشئەو شکستە گەورەیەی هەڵبژاردەی وڵاتەکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دووچاری بوو.
بەرازیل لە نێو یاریگەی مۆنیومێنتال، بەچوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بە ئەرجەنتین دۆڕا. یارییەکە لە گەڕی 14ی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور، بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو بەڕێوەچوو.
دوای شکستەکەی ئەرجەنتین، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، هێرشبەری بەرازیل وتی، "دەبێ پێداچوونەوە بەهەموو شتێکدا بکەین"، میدیاکان دەڵێن، مەبەستەکە روونە، پێشینە، دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی نوێیە بۆ هەڵبژاردەکە لە قۆناخی داهاتوودا.
دۆریڤاڵ جۆنیۆر، راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی بەرازیل، لە دوای شکستەکەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە. ئەو راهێنەرە وەک میدیاکان دەڵێن، لە بنەمادا بژاردەی یەکەمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل نەبوو، بەڵام شکستهێنان لە دەستنیشانکردنی چەندین راهێنەر، سەری کێشا بۆ دانانی ئەو بەڕاهێنەری هەڵبژاردەکە.
سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن، لە نێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلدا، دۆخی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لە کاری ئەو راهێنەرە هەیە، بەتایبەت کە هەڵبژاردەکە بۆ پلەی چوارەمی ریزبەندی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور پاشەکشەی کرد، لە دوای هەریەکە لە ئەرجەنتین، ئیکوادۆر و ئۆرۆگوای، ئەمە جیا لە شکست بەچوار گۆڵ بەرامبەر ئەرجەنتین کە پێشتر لە پاڵاوتنی مۆندیالدا شتی وا رووینەداوە.
پێشتر، ئێدنالدۆ رۆدریگێز، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل رایگەیاندبوو، ویستی گرێبەستکردن لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتییان بەڕاهێنەری هەڵبژاردەکە هەبووە، بەتایبەت پاشئەوەی پێپ گواردیۆلا وەرگرتنی ئەو ئەرکەی رەتکردەوە.
رۆناڵدۆی دیاردە، لای خۆیەوە ئاشکرایکردبوو کە ئەنچێلۆتی بەمەشقدانی سامبا رازیبووە، بەڵام ریال مەدرید رازی نەبووە دەستبەرداری راهێنەرەکەی بێت.
لەدوای یارییەکە، میدیاکان باس لە پێویستیی گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ بۆ هەڵبژاردەکە دەکەن و جارێکی دیکە تاکە دووناوی بەربژێر بۆ کارەکە، جیا لە کارلۆ ئەنچێلۆتی، کە کێشە لە گرێبەستەکەیدایە لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو 2026، فیلیپی میلۆی بەرگریکەری پێشووی هەڵبژاردەکە و راهێنەری ئێستای فلامینگۆی بەرازیلییە.
|