راگەیێنراوی یانەی هەولێر لەبارەی هێرشکردنە سەر هاندەرانی

2   کاتژمێر پێش ئێستا  44 جار خوێنراوەتەوە

یانەی هەولێر راگەیێنراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر هاندەرانی یانەکەی بڵاوکردەوە و داوای سزادانی هێرشکاران دەکات.

یانەی هەولێر لە راگەیێنراوەکەیدا پاڵپشتیی خۆی بۆ هاندەرانی دووپاتدەکاتەوە و داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان و یاسا ئەرکی خۆیان بەتەواوی جێبەجێ بکەن و مافی هاندەرانی یانەکە پارێزراوبێت.

دەقی راگەیێنراوی یانەی هەولێر

دەستەی کارگێری یانەی وەرزشی هەولێر بەداخەوە و بە توندی هەڵوێستی و ناڕەزایی خۆی دەربڕێت لەسەر ئەو ڕووداوە ناخۆش و مەترسیدارە و ترسنۆکانەی دوای کۆتاییهاتنی یاریی یانەکەمان بەرامبەر یانەی شورتە لە شاری بەغدا روویدا.

دوای تەواوبوونی یارییەکە، لە کاتێکدا هاندەرانی یانەکەمان بە ئارامی و بێ هیچ کێشەیەک یاریگەیان بەجێدەهێشت، بەداخەوە کۆمەڵێک لە هاندەرانی یانەی شورتە هێرشێکی ترسنۆکانە و نامرۆڤانەیان کردە سەر هاندەرانی یانەکەمان و پاسەکانی گواستنەوەی هاندەرانمان.

ئەم هێرشە تەنیا سنووری کێشەیەکی ئاسایی لە نێوان هاندەران تێنەپەڕاندووە، بەڵکوو بووەتە هۆی پەلاماردانی پاسەکانی هاندەرانی یانەی هەولێر و برینداربوونی ژمارەیەک لە هاندەرە خۆشەویستەکانمان، کە بە مەبەستی هاندان و پشتگیری لە یانەکەیان هاتبوونە بەغدا.

دەستەی کارگێریی یانەی هەولێر ئەم کردارە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکات و بە توندی ئیدانەی دەکات. تۆپی پێ وەرزشە و پێویستە هەموو کێبڕکێ و جیاوازییەکان لە ناو چوارچێوەی یاسا و گیانی وەرزشی بمێننەوە. جیاوازیی رەنگ، یانە و هاندەر نابێتە هۆی ئەوەی ژیانی کەسانێک بخەینە مەترسییەوە.

ئێمە لە یانەی هەولێر پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ هاندەرانی خۆشەویستی یانەکەمان دەردەبڕین و بە تایبەتی سەرەخۆشی و دڵسۆزیی خۆمان بۆ ئەو کەسانە دەردەبڕین کە لەم رووداوەدا بریندار بوون، و هیوادارین بە زوویی چاکببنەوە.

لە هەمان کاتدا، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەزگاکانی ئاسایش، دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی شورتە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکەین بە شێوەیەکی جددی و بەرپرسانە ئەم رووداوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و هەموو ئەو کەسانەی بەشداربوون لە پەلاماردانی هاندەرانی یانەی هەولێر و زیانگەیاندن بە پاسەکانیان، بەپێی یاسا و رێوشوێنی پێویست مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

هەروەها داوا دەکەین کە کامێرا و بەڵگە و ڤیدیۆکانی پەیوەندیدار بە ڕووداوەکە کۆبکرێنەوە و بە شێوەیەکی ورد پشکنین بکرێن، بۆ ئەوەی راستییەکان بە تەواوی بۆ خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان روون بکرێنەوە و مافی هاندەرانی یانەکەمان بپارێزرێت.

لە کۆتاییدا، یانەی هەولێر داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە بەرپرسیارییەوە لەگەڵ ئەم بابەتە مامەڵە بکەن و رێگە نەدرێت دووبارە رووداوێکی لەم شێوەیە رووبداتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە