ماڵئاوا سەرۆک و پاشا و گەورە و باوک و باپیری تۆپی پێ
52 خولەک پێش ئێستا
14 جار خوێنراوەتەوە
وازهێنانی تۆ تەنیا وەستانی یاریزانێک نییە لە راکردن، بەڵکو ئاوابوونی هەمیشەیی ئەو خۆرەیە کە بۆ ماوەی بیست ساڵ ئاسمانی تۆپی پێی رووناک کردبووەوە.
رۆیشتنت بە واتای نەمان نایەت، بەڵکو واتای کۆتاییهاتنی رۆژە سیحراوییە درێژەکەیە، بۆ ئەوەی تاریکستانی حەسرەت بۆ سەردەمێک دەست پێبکات، کە تێیدا مەحاڵ تەنیا وشەیەکی بێمانا بوو لەبەردەم سیحرەکانی تۆدا.
وازهێنانی تۆ ئەو ساتەیە کە مایسترۆ بڕیار دەدات لە ناوەڕاستی سیمفۆنیاکەدا دارەکەی دەستی دابنێت؛ نەک لەبەر ئەوەی مۆسیقاکە تەواو بووە، بەڵکو لەبەرئەوەی درکی بەوە کردووە کە گوێی مرۆڤەکان چیدی بەرگەی جوانی و چێژی لەوە زیاتر ناگرن.
وازهێنانی تۆ ئەو بێدەنگییەیە کە دوای ژەنینی جوانترین پارچە مۆزیک دێت کە تاوەکو ئێستا جوانترین مۆزیکە ژەنرابێت.
بڕیارە خەمناکەکەی تۆ، داخستنی دوالاپەڕەی جوانترین سەردەمی مێژووی تۆپی پێیە، هەی باشترین یاریزانی مێژووی کۆن و ئێستا و داهاتووی تۆپی پێ.
تۆ نووسەرێک بووی کە مێژووی تۆپی پێت بە قاچی چەپت دەنووسییەوە. وازهێنانی تۆ واتا وشکبوونی ئەو مەرەکەبە سیحراوییەی کە یارییەکەی کردبووە هەوێنی جوانی.
وازهێنانی تۆ ئەو ساتەیە کە هێزی کێشکردن بڕیار دەدات واز لە تۆپەکە بهێنێت، دوای ئەوەی ساڵانێک لەژێر فەرمانی قاچەکانتدا بوو.
بەوازهێنانی تۆ، تۆپی پێ هەست بە هەتیویی دەکات؛ ئەو تۆپەی لەژێر قاچەکانتدا پێدەکەنی، لەمەودوا خەمناک و بێنازانە لە یاریگاکاندا رێ دەکات، چونکە ئەو کەسەی لەدەستداوە، کە لە زمانە بێدەنگەکەی تێدەگەیشت و نازی هەڵدەگرت.
بە وازهێنانی تۆ، سەردەمی 'موعجیزەکان' کۆتایی دێت و دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی تۆپی پێی ئاسایی.
تاجی پاشایەتی کەوت و ئیدی کەسی دیکە بوێری نابێت لەسەربکات.
سوپاس سەرۆک بۆ ئەو هەموو چێژ و جوانییەی بە جیهانت بەخشی.
ئیحسان تاهیر
|