بڕیارێک لەبارەی چامپیۆنزلیگەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
37 جار خوێنراوەتەوە
سکرتێری گشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، شوێنی یارییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیای راگەیاند و هەموو یارییەکانی لە سعودیە بەڕێوەدەچن.
داتۆ ویندسۆر، سکرتێری گشتی فیدراسیۆنەکە لە لێدوانێکدا دەڵێت "یارییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا لە شاری جەدە لە سعودیە بەڕێوەدەبن، بۆ ئەوەش فیدراسیۆنەکە رۆژانە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی کار لەسەر هەموو وردەکارییەکان بکەن."
یاریگەکانی شاری وەرزشیی شا عەبدوڵڵا و شازادە فەیسەڵ میوانداریی یارییەکان دەکەن و لە ماوەی نێوان 16 بۆ 25ـی مانگی داهاتوو یارییەکانی بەڕێوەدەچن، بەمەش سعودیە دەبێتە شانۆی یەکلاکردنەوەی نازناوێکی دیکەی کیشوەری لەسەر ئاستی ئاسیا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە بوونی بژاردەی گواستنەوەی یارییەکان بۆ مالیزیا یان شوێنێکی دیکە دەکەن و دووپاتیدەکاتەوە جەدە بۆ پێشوازیکردن لە یانە سەرکەوتووەکان ئامادەیە.
بەمەش بەپێی سەرچاوەکان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بە ئەگەری زۆرەوە یارییەکانی قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە لە بەشی رۆژئاوا بە یەک یاری یەکلادەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی یارییەکانی لەبەر جەنگ لە ناوچەکەدا دواخراون.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، یانەکانی هیلال، ئیتیحاد، ئەهلی، سەد، دحێل و وەحدە ناڕەزایەتییان بەرامبەر پێشنیازەکە دەربڕیووە، بەتایبەت لەبارەی تێچووی دارایی گەشتکردن و مانەوەی شاندی تیپەکان، ئەمەش فیدراسیۆنەکە دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ رێکخستنی دارایی و دابەشکردنی داپەروەرانە بەسەر یانەکاندا.
قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی کیشوەرەکە تەواو بوون، یانەکانی ماچیدا زیلڤیا و ڤیسێل کۆبی ژاپۆنی، بوریرام یونایتدی تایلەندی، جۆهۆر دارول تەعزیمی مالیزی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە، بەڵام هێشتا یارییەکانی قۆناخی شازدە لە بەشی رۆژئاوای کیشوەرەکە نەکراون، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە بە یەک یاری قۆناخەکە تەواو دەکرێت.
چاوەڕواندەکرێت تیروپشکی قۆناخەکانی داهاتووی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا رۆژی 25ـی مانگی داهاتوو لە کوالالامپور لە مالیزیا ئەنجامبدرێت و رێڕەوی تیپە سەرکەوتووەکان دیاری بکرێت و یانەکانی بەشی رۆژهەڵات چاوەڕێی سەرکەوتووەکانی بەشی رۆژئاوا دەکەن.
یارییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، بەهۆی جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێرانەوە دواخراون و هێشتا بەتەواوی دیارنییە کەی یارییەکان دەستپێدەکەنەوە.
|