عێراقچی مەرجی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا دەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  67 جار خوێنراوەتەوە

عەباس عێراقچی دەڵێ، دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی جێگیرە و ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردنەوە کە باس لە باشنەبوونی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن و جەختی کردەوە کە دۆخەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵیدایە.
 
عەباس عێراقچی رایگەیاند، رێبەری باڵا لە "تەندروستییەکی تەواو باشدایە" و "بەڕێوەبردنی دۆخەکەی لەدەستە".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد تاران ئامادەیە لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی ئەم دواییە و روونکردنەوەی ئەو ئامانجانەی پێکراون.
 
عێراقچی جەختی کردەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێران تەنیا بنکەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج و تا ئێستا هیچ شوێنێکی مەدەنی یان نیشتەجێبوون لە وڵاتانی دراوسێ لەلایەن ئێرانەوە نەکراوەتە ئامانج.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد ئەمریکا درۆنێکی هاوشێوەی زنجیرە درۆنەکانی "شاهێد"ی ئێرانی بەناوی "لوکاس" دروستکردووە کە لە رووی دیزاین و کارکردنەوە زۆر لە مۆدێلە ئێرانییەکە دەچێت و لە هێرشکردنە سەر چەند وڵاتێکی عەرەبی بەکارهێنراوە.
 
عێراقچی گومانی ئەوەشی نیشاندا رەنگە ئیسرائیل هێرشی کردبێتە سەر هەندێک ئامانجی سڤیل لە وڵاتانی عەرەبی بە مەبەستی تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و جیهانی عەرەبی.
 
هۆشداری لەبارەی ژێرخانی وزە و دوورگەی خارگ
 
عێراقچی هۆشداریدا ئەگەر ژێرخانی وزەی ئێران بکرێتە ئامانج، تاران لە وەڵامدا دامەزراوەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە تەواوی ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
 سەبارەت بە کۆتاییهاتنی جەنگیش وتی: "جەنگ تەنیا کاتێک کۆتایی دێت کە گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوە و قەرەبووکردنەوە هەبێت."

سەبارەت بە دوورگەی خارگ، کە ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، عێراقچی گوتی کۆنترۆڵکردنی دوورگەکە "هەڵەیەکی گەورەترە لە هێرشکردنە سەری."

لەبارەی تەنگەی هورمزیشەوە رایگەیاند کە ئەو رێڕەوە ستراتیژییە بە رووی هەموو وڵاتاندا کراوەیە، "جگە لە کەشتییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی."
 
سەقامگیریی ناوخۆ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان
 
عێراقچی دۆخی ناوخۆی ئێرانی بە "جێگیر" ناوبرد و رایگەیاند هیچ جۆرە دابەشبوونێک لەنێوان حکومەت و هێزە چەکدارەکاندا نییە. هەروەها جەختی کردەوە کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تاران لەگەڵ قەتەر، سعودیە، عومان و وڵاتانی دیکەی دراوسێ بەردەوامن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە