دوایین بڕیاری یۆرگن کلۆپ لەبارەی مەشقدانی ریال مەدرید

2   کاتژمێر پێش ئێستا  20 جار خوێنراوەتەوە

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، دوایین هەڵوێستی یۆرگن کلۆپی راهێنەری ئەڵمانییان لەبارەی مەشقدانی یانەی ریال مەدرید ئاشکراکردووە.
 
لەماوەی رابردوودا و پاش دابەزینی ئاستی ریال مەدرید و لەدەستدانی خاڵ لە لالیگا و چامیۆنزلیگ، سەرچاوەکان ئاماژەیان بە هەوڵدانی ریال مەدرید بۆ دەستنیشانکردنی یۆرگن کلۆپ، راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول، بە راهێنەری نوێی یانەکە راگەیاند.
 
کلۆپ بەپێی میدیاکان، یەکێکە لە دوو بەهێزترین بەربژێر بۆ شوێنگرتنەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی ریال مەدرید، هاوتای زینەدین زیدانی راهێنەری پێشووتری یانەکە.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لێدوانی کەسە نزیکەکانی کلۆپ روونکردنەوەی تەواوی داوە لەبارەی بڕیاری ئەو راهێنەرە، بۆ مەشقدانی ریال مەدرید بۆ شوێنگرتنەوەی ئەلۆنسۆ.
 
کلۆپ بەڕێوەبەری وەرزشیی کۆمپانیای رێد بوڵە و لە دوای بەجێهێشتنی لیڤەرپوولەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە. ئەو راهێنەرە پێشتر ئاشکرایکردبوو لە کارەکەی دڵخۆشە و هیچ بیری مەشقدان و راهێنەرایەتی ناکات.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بە لێدوانی ئۆلیڤەر مینتسلاڤ، بەڕێوەبەری گشتیی تۆپی پێی گرووپەکانی رێدبوڵ کردووە، کە رایگەیاندبوو کلۆپ لە رێگەی لێدوانەکانی پێشوویەوە، بڕیاری خۆی بۆ داهاتوو یەکلاکردووەتەوە.
 
هەمان ئەو رۆژنامەیە، لە زاری کەسانی نزیک لە رێدبوڵەوەی گواستووەتەوە کە کلۆپ تەواوی بیرکردنەوەی لای کارەکەی ئێستایەتی و بیر لە گەڕانەوە بۆ کاری راهێنەرایەتی ناکات، بەچاوپۆشین لەوەی کام یانە هەوڵی گرێبەستکردنی لەگەڵ دەدات.
 
کلۆپ لە هاوینی 2024دا لیڤەرپوولی بەجێهێشت، پاش کاروانێکی زیاتر لە نۆ ساڵە لە یانەکە، کە تێیدا نازناوەکانی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگی لەگەڵ تیپەکەدا بەدەستهێنا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە