هاندەران مووچەی مانگێکیان داوە بۆ بینینی مێسی

2   کاتژمێر پێش ئێستا  19 جار خوێنراوەتەوە

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی گەیشتە هیندستان و بڕیاربوو رۆژێکی خەیاڵی بێت بۆ هاندەرانی لیۆنێل مێسی لە شاری کۆلکاتا، بەڵام دۆخەکە گۆڕا بۆ دیمەنێکی پڕ لە پشێوی و بێهیواکردنی هاندەران، چونکە ئەفسانەکەی ئەرجەنتین زۆر زووتر لەوەی پێشبینی دەکرا سەردانەکەی کۆتایی پێهێنا، ئەمەش وایکرد هاندەران کورسی و کەلوپەلی یاریگەکە بشکێنن و پشێوی بنێنەوە.
 
هاندەران ئامادەکارییان کردبوو بۆ پێشوازیکردن لە ئەستێرەکەیان و بلیتیان بە نرخێکی خەیاڵی کڕیبوو کە گەیشتبووە 18,000 روپیە وات 200 دۆلار، تەنیا بۆ ئەوەی لە ستادیۆمی سالت لەیک لە کۆلکاتا بیبینن، بەڵام بەهۆی کورتیی ماوەی مانەوەی مێسی، هاندەران تووڕەبوون، یاریگەکەیان شێواند و بەشێکی کورسییەکانیان شکاند.
 
بەپێی میدیاکانی هیندستان، دەرکەوتنی لیۆنێل مێسی تەنیا نزیکەی 10 بۆ 22 خولەکی خایاندووە و یاریزانەکە دەستبەجێ شوێنەکەی بەجێهێشتووە، ئەمەش وایکردووە هاندەران بوتڵ و کورسی فڕێبدەنە نێو یاریگە و پەرژینەکان بشکێنن.
 
مێسی کە بۆ گەشتی GOAT India Tour لە هیندستان بوو، بڕیاربوو بەشداری رێوڕەسمێکی گەورە بکات بەئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا و ئەستێرەکانی بۆلیوود، بەڵام رووداوەکە بەهۆی ئەو پشێوییەوە بەنیوەچڵی کۆتاییهات.
 
زۆربەی هاندەران بەرپرسان و وەزیرەکانیان تۆمەتبار کرد بەوەی دەوری مێسییان گرتووە و هەلەکەیان بۆخۆیان قۆستووەتەوە، لەکاتێکدا هاندەران پارەیەکی زۆریان دابوو. هاندەرێک بە تووڕەییەوە بە میدیاکانی راگەیاند "تەنیا سەرکردە و ئەکتەرەکان دەوری مێسییان دابوو، بۆچی ئێمەیان بانگکرد؟ بلیتمان بە پارەیەکی زۆر کڕیوە، بەڵام تەنانەت نەمانتوانی رووخساری ببینین".
 
هەروەها هاندەرێکی دیکە گوتی "تەنانەت یەک لێدان یان یەک لێدانی سزای جێبەجێ نەکرد، تەنیا 10 خولەک هات و رۆیشت، پارە و هەست و کاتێکی زۆر بەفیڕۆچوو".
 
ئێستا هاندەران داوای گەڕانەوەی پارەی بلیتەکانیان دەکەن کە لەنێوان 50 دۆلار بۆ 200 دۆلار بووە. هاندەرێک ئاماژەی بەوەدا کە خەڵک مووچەی مانگێکیان بۆ بینینی مێسی تەرخان کردووە نەک بۆ بینینی سیاسەتمەدارەکان.
 
دوای دروستبوونی پشێوییەکە و رۆیشتنی مێسی، مەماتا بانێرجی، سەرۆکوەزیرانی رۆژئاوای بەنگال داوای لێبووردنی لە مێسی و هاندەران کرد و رایگەیاند کە تووشی شۆک بووە بەو خراپ بەڕێوەبردنە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە و دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمەکان پێکھێنراوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە