یەکێک لەو ئاسایشانەی لە چەمچەماڵ بریندار بوو گیانی لەدەستدا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
5 جار خوێنراوەتەوە
ئەو ئاسایشەی لە ئاڵۆزییەکەی دوێنێدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەوە بە سەختی بریندار بوو، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
"کەمێک لەمەوبەر کارمەندی ئاسایش ئاکۆ سابیر حەمەڕەزا، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".
قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی کارمەندەکەی ئاسایشی راگەیاند و سەرەخۆشی لە کەسوکارەکەی کرد.
دوێنێ لە چەمچەماڵ لەکاتی دابەشکردنی پێداویستییەکاندا شەڕ و ئاژاوە روویدا و بەهۆیەوە دوو ئاسایش بریندار بوون.
عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کەسێک ویستوویەتی کێشە دروست بکات و سەڕەبڕی بکات و پەلاماری کارمەندێکی ئاسایشی دا و دواتر دوورخرایەوە لە شوێنەکە، بەڵام کەسێکی نزیکی بە چەکەوە هات و لەو قەرەباڵخییەدا تەقەی لە ئاسایشەکان کرد کە بەهۆیەوە سێ کارمەندی ئاسایش برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە".
عەتا محەممەد تۆمەتباری رووداوەکەی بە "پێشمەرگەی عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک" ناساند و بە پیلانگێڕی پێناسەی کرد.
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک لە راگەیێندراوێکدا رەتی کردەوە "پیلانگێڕی" یان "کێشەی کۆمەڵایەتی" بووبێت و رایگەیاند: "هیوادارم مەبەست لەو قسانە تۆمەت دروستکردن و ناوزڕاندن نەبووبێ، چونکە راستی بابەتەکە ئەوەیە کێشەکە بەهۆی پەیوەستنەبوونی ئەو پێشمەرگانە بووە بەو رێکار و سەرەگرتنەی ئاسایشەکان پەیڕەویان کردووە بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان".
عەبدوڵڵای کوێخا وتی: "ئەو دوو پێشمەرگەیە لەگەڵ دایک و خێزانیان چوون بۆ هاوکاری وەرگرتن و هیچ ناکۆکییەکی کۆنیان لەگەڵ کارمەندەکانی ئاسایش نەبووە."
|