شەپۆلێکی باران و بەفر رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  41 جار خوێنراوەتەوە

پێشبینی دەکرێ شەپۆلێکی دیکەی بارین رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە و لە هەر پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان باران و لە بەرزاییەکان بەفر ببارێ.
 
بەپێی پێشبینیی کەشناسیی ئێران، لە بەرەبەیانی شەممە 13-12-2025ـەوە شەپۆلێکی بارینی بەفر و باران پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام، لوڕستان و هەندێک ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی ئێران دەگرێتەوە.
 
سادق زیائییان، سەرۆکی ناوەندی پێشبینی و کۆنترۆڵی قەیرانی رێکخراوی کەشناسیی ئێران دەڵێت، ئەو شەپۆلەی بارانبارین هاوکات دەبێ لەگەڵ هەڵکردنی با و لە هەندێک ناوچە خۆڵبارینیش دەبێ؛ هەروەها دەڵێ، ئەگەری بارینی بەفر لە بەرزاییەکان و سەرمای زۆریش لە ئارادایە.
 
کەشناسیی ئێران پێشبینی دەکات، ئەو شەپۆلە تاوەکو دووشەممە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بێ.
 
لە رۆژی یەکشەممە تا چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، شەپۆلێکی باران و بەفربارین هەر پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
 
عەلی سەیدزادە، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی ئاو لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئێران، رۆژی چوارشەممە 10-12-2025 رایگەیاند، لە سەرەتای پاییزەوە بڕی بارین بە گشتی لەو وڵاتە 6.06 میلیمەتر بووە، لە کاتێکدا پار تاوەکو ئەو کاتە 30 میلیمەتر بووە.
 
بە گوتەی سەیدزادە، بەنداوەکانی هەموو ئێران 16 ملیار مەتری سێجا ئاویان تێدایە، لە کاتێکدا پار ئەم کاتانە نزیکەی 22 ملیار مەتری سێجا ئاویان تێدابوو و ئاوی بەنداوەکان 28٪ کەمترە لە پار.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە