ئاستنی بیستن لای پیاوان و ژنان بۆچی جیاوازە؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
27 جار خوێنراوەتەوە
توێژینەوەیەکی نوێ، جیاوازیی لەنێوان هەردوو رەگەزدا لە شێوازی ئاستی بیستن و لێکدانەوەی زانیارییە دەنگییەکان ئاشکرا کرد، لە پیاوان و خانماندا جیاوازە و هۆکارەکەی باس دەکرێت.
کۆمەڵەی دەنگناسیی ئەمریکی 190 کەسی هەڵبژارد بۆ توێژینەوە لەسەر توانا و چۆنیەتیی لێکدانەوەی زانیارییەکانی لەنێوان خانمان و پیاواندا و دەرکەوت؛ چالاکیی خانەکانی مێشک لەو ناوچانەی بەرپرسن لە شیکردنەوەی دەنگەکان، راستەوخۆ کاریگەریی هۆڕمۆنەکانیان لەسەرە. هەر گۆڕانکارییەک لە ئاستی هۆڕمۆنەکاندا، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە پێکهاتە و میکانیزمەکانی پەیوەست بە فرمانی بیستن.
ئەنجلینا بیلۆکۆن، توێژەر لە زانکۆی مێریلاندی ئەمریکی و سەرپەرشتیاری ئەم توێژینەوەیە دەڵێت: گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکان جیاوازی لە وەرگرتنی زانیارییە بیستەکییەکان دروستدەکەن بەم شێوەیە؛
لای پیاوان؛ هەستی بیستن زووتر خراپ دەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی پلەبەندی و بە ریتمێکی جێگیر بە درێژایی ژیان.
لای خانمان؛ هەستی بیستن بەپێی گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکانی خانمان، بە درێژایی مانگ دەگۆڕێت، ئەمەش بەهۆی کاریگەریی سووڕی مانگانە.
دوای وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە؛ خانمان تووشی دابەزینێکی تیژ و کتوپڕ دەبن لە کواڵیتیی تێگەیشتنی بیستندا.
توێژینەوەکە ئەوەی تێدا باس کراوە کە کێشەکە تەنیا پەیوەست نییە بە توانای بیستنی دەنگە نزمەکانەوە، بەڵکو هۆڕمۆنەکان کاریگەرییان لەسەر شێوازی تێگەیشتنی زانیارییە دەنگییەکانیش هەیە و مەرج نییە ئەوەی پیاوان دەیبیستن، هەمان ئەوەش بێت کە خانمان دەیبیستن.
|