فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شیکاگۆی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت

1     کاتژمێر پێش ئێستا  45 جار خوێنراوەتەوە

سێیەمین گەڕی فێستیڤاڵی ساڵانەی فیلمی کوردی لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن سەنتەری کولتووریی کوردی لە ئیلینۆی رێکدەخرێ و تێیدا 18 فیلم نمایش دەکرێن.

دەلال حەسەن، هاوڕێکخەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی رایگەیاند: "فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شیکاگۆ رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەم لە کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆ تا 9:00ـی شەو و رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەم لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ تا 9:00ـی شەو لە شاری شیکاگۆ بەڕێوەدەچێت."

دەلال حەسەن وتیشی: "18 فیلم پێشان دەدرێن کە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی بەرهەمهێنراون. لەنێو فیلمەکاندا بەرهەمی وەک (دۆسیەی ژمارە 1)، (من کێم؟)، (شوێنپێی مێروولەکان) و (شەو و تەم لە کوردستان) و چەندین فیلمی دیکە هەن."

هاوڕێکخەری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا پانێڵێک بەڕێوەدەچێت کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر هونەر و ئەدەبی هاوچەرخی کوردی.

ئەمە سێیەمین ساڵی بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵەیە کە لە ساڵی 2024ـەوە دەستیپێکردووە و ساڵانە لە کۆتاییەکانی ساڵدا رێکدەخرێ، هاوڕێکخەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت: "بانگهێشتی سەرجەم ئەندامانی رەوەندی کوردیمان لە شیکاگۆ و ناوچەی نێوەڕاستی رۆژئاوای ئەمریکا کردووە بۆ ئامادەبوون و پشتگیریکردنی فیلمسازانی کورد، هەروەها بەرپرسانی ویلایەتەکەیشمان بانگهێشت کردووە".

لەبارەی پەیامی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەش، رایگەیاند: "دەمانەوێ نیشانی بدەین کە سینەمای کوردی دەتوانێت تێگەیشتنێکی نوێ بۆ مێژوو، کولتوور و زمانی کوردی لە جیهاندا دروست بکات، بەتایبەت لە کاتێکدا جیهان زۆرجار وێنەیەکی شێوێندراو دەبینێت. هونەر دەتوانێت ئەو تێگەیشتنە کەم بکاتەوە و شێوازێکی نوێی بیرکردنەوە و تێڕامان بخوڵقێنێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە