دۆزینەوەیەكی مێژوویی لە ئەشكەوتی شانەدەر ئاشكرا دەكرێت

56   خولەک پێش ئێستا  27 جار خوێنراوەتەوە

دۆزینەوەیەكی مێژوویی لە ئەشکەوتی شانەدەر، ئاستی تێگەیشتن لە مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەباتە قۆناغێكی نوێ، بەڵگەكانی نێو ئەشكەوتی شانەدەر دەریدەخەن، ئەوانەی بەر لە 75 هەزار ساڵ لەو شوێنە ژیاون، تێگەیشتنی قووڵیان بۆ توندوتیژی و دەربڕینی بەزەیی هەبووە.

دۆزینەوەیەكی نوێی زانستی كە هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان و زانكۆی كامبریجی بەریتانی بەهاوبەشی كاریان لەسەر كردووە، دەری دەخات ئەو نیاندەرتاڵانەی كە بەر لە 75 هەزار ساڵ لە ئەشكەوتی شانەدەردا ژیاون، سرووشتی پەیوەندییەكانی نێوانیان زۆر لەوە ئاڵۆزتر بووە كە پێشتر وێنا كرابوون؛ دۆزینەوەكە پێكەوە گرێدانی توندوتیژی و بەزەیی دەردەخات.

چیرۆكی "برینێكی كوشندە بە ڕمی دارین لە شانەدەر"

بەپێی توێژینەوەیەكی نوێی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان و زانكۆی كامبریجی بەریتانی کە لە گۆڤاری زانستیی (Scientific Reports) بڵاوکراوەتەوە، کوونێکی بازنەیی لە ئێسکی شانی شانیەدەریەکدا (نیاندەرتاڵ) دۆزراوەتەوە که تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا و بە (شانەدەر ئەی) ناسراوە، ئەمەش ڕەنگە کۆنترین بەڵگەی ناسراو بێت لەسەر توندوتیژیی کوشندەی نێوان مرۆڤەکان بە بەکارهێنانی ڕمی دارینی تیژکراو لە تۆمارە بە بەردبووەکاندا.

ئێسکی شانی ئەم شانەدەریە ـ کە بەهۆی ژینگەی ناوازەی ئەشکەوتەکەوە لەژێر حەوت مەتر و نیو لە بەرد و خاشاکدا بە تەواوی پارێزراو بووە ـ کوونێکی بازنەیی بە پانیی 15 ملم پێوە دیارە، کە بە گوتەی شوێنەوارناسان، بەهۆی ڕمێکی دارینی تیژکراوەوە دروستکراوە، چونکە سەرە ڕمی بەردین یان چەخماخە کوونێکی گۆشەدار یان تەخت بەجێدەهێڵێت.

توێژەران دەڵێن ئەم لێدانە کوشندەیە ڕەنگە وەک تیرێکی مەبەستدار بەرەو دڵ ئاراستە کرابێت و بووبێتە هۆی مردنی خێرای کەسەکە.

سەرەڕای کۆتاییە توندوتیژەکەی، پاشماوەکانی (شانەدەر A) نیشانەی دیكەشیان تێدایە؛ لەوانە شکان و لەتبوونی ددانێک لە دەموچاویدا که نیشانەی لێدانێکی پێشووی سەختە، کەچی کەسەکە لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر دوای ئەو برینە قورسە ژیاوە.

ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەوەی کە ئەم كەسە پێویستی بە چاودێری و پشتگیریی ئەندامانی تری کۆمەڵگەکەی هەبووە بۆ مانەوە، کە نیشاندەری بوونی هاوسۆزی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی قووڵە لەنێوان نیاندەرتاڵەکاندا.

ئەم ڕاگەیەندراوە هاوبەشەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان و زانكۆ بەریتانیەكە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و گرێبەستێکی فەرمی و زانستیی نێوان هەردوولایە بۆ ئەنجامدانی کاری پشکنیین و هەڵکۆڵینی شوێنەواری لە ئەشکەوتی شانەدەردا، کە بۆ چەندین ساڵە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت.

لای خۆیەوە، محمد لەشکری، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور کە ئاگاداری بابەتەكەیە و کاری وەرگێڕانی بۆ ئەنجامداوە، ڕایگەیاند، هاوکارییە درێژخایەن و بەرهەمدارەکەمان لەگەڵ زانکۆی کەیمبریج و تیمە جیهانییەکەیدا، لە سەرووی هەموویانەوە دکتۆر ئێما پۆمیرۆیی و پرۆفیسۆر گرایەم بارکەر، بەردەوامە لە دەرخستنی نهێنییە مەزنەکانی مێژووی مروڤایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەشکەوتی شانەدەر تەنها کایەیەکی شوێنەواری نییە، بەڵکو دەروازەیەکی جیهانییە بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی، ڕفتارە مرۆییەکان و مێژووی هاوبەشی مرۆڤایەتی. ئێمە زۆر شانازی بەم هاوبەشییە زانستییەوە دەکەین و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەین کە شوێنەوارە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکەمان بە جیهان بناسێنێت."

لەبەرامبەردا، دکتۆر ئێما پۆمیرۆیی، لە بەشی شوێنەوارناسیی زانکۆی کەیمبریج و سەرۆکی تیمی توێژەرانی پرۆژەکە، جەختی لەسەر گرنگیی ئەم دۆزینەوەیە کردەوە و ڕایگەیاند، "کارکردن لە ئەشکەوتی شانەدەر لەژێر چەتری ئەم گرێبەستە شوێنەوارییەدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی كوردستان و بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران، ئەزموونێکی بێوێنە و پڕ لە دەستکەوتی زانستی بووە. هاوکاری و پشتیوانیی بێوچانی بەڕێوەبەرایەتییەکان، ڕێگەی پێداوین بگەیەنین بەم ئاستە وردەی لێکۆڵینەوە و بەدۆكیۆمێنتكردن".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە