ئەو تورکەی کوردەکان، بە مردنی زیاتر نیگەران بوون و بۆی گریان
17 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
بە دەگمەن روودەدات، تورکێک بمرێت و کوردەکان بە مردنی زیاتر بگرین، بە دەگمەن روودەدات تورکێک خەبات بۆ حەسانەوە و ئارامی کورد بکات، چونکە ئەوەی کورد لە تورکی بیستووە رەگەز پەرستی و هەوڵی سڕینەوەی بووە!
سری سوڕەیا ئۆندەر ئەو تورکەی کوردەکان بە مردنی خەمبار و نیگەران بوون!
لەگەڵ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی تیمی سەردانیکردنی ئیمراڵی و ئەندازیاری زیندووکردنەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی گوماناوی نەخۆش کەوت و دوای مانەوەی ١٨ رۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئۆندەر لە ساڵی 1962 لە خێزانێکی بە رەگەز تورک لە دایکبووە، لە تەمەنی هەشت ساڵیدا باوکی لەدەستداوە.
لە تەمەنی لاوێتیدا سری سورەیا ئۆندەر بەشداری لە هەندێك كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی و سۆسیالیستیدا كردووە.
لە ساڵی 1978 بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکدا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە کۆمەڵکوژی (مەڕەش)، دەستگیرکراوە و دوای ماوەیەک ئازادکراوە.
لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا جارێکی دیکە دەستگیرکراوەتەوە و ماوەی حەوت ساڵ زیندانی کراوە.
جگە لە سیاسەت، کاری فۆتۆگرافی و سینەمای کردووە و دەرهێنانی بۆ چەند فلمێک ئەنجامداوە.
لە ساڵی 2011 لە هەڵبژاردنە گشتییەکان وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بە پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵ هەڵبژێردرا.
لە ساڵی 2013 پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی دامەزارندوو بووە هاوسەرۆکی ئەو حیزبە، ئامانجی یەکخستنی سیاسەتی کوردی و ئۆپۆزسیۆنی چەپی تورکی بوو لە ژێر یەک هێزی سیاسیدا.
سری سورەیا ئۆندەر بەردەوام یەکێک بووە لە ناوە گرنگەکانی پرۆسەی چاکسازی لە ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ ئەو لەنێو ئەو تیمانەدا بوو کە سەردانی زیندانی ئیمرالی و چیای قەندیل-یان دەكرد.
ئۆندەر لە 6ی کانوونی دووەمی 2018 بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی تیرۆریستی" جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە و چەند مانگێک زیندانی کرا.
ئەوەی مردنی ئوندەری گوماناوی کردووە، جیا لەو ئەحمەد تورک کە یەکێکی دیکەیە لە ئەندامای لیژنەکەی ئیمرالی نەخۆش کەوتووە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.
دیار نیە بە مردنی ئۆندەر گفتوگۆکانی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان پەکیان دەکەوێت یان نا بەڵام هەرچی بێت ئەو گومانانە تۆختر دەکاتەوە کە رەگەز پەرستە تورکەکان لە پشت مردنیەوە بن.
|