پەلاماردانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر توێژەجیاوازەکان بۆچی دووبارە دەبێتەوە؟

20   کاتژمێر پێش ئێستا  206 جار خوێنراوەتەوە

کاردانەوەکانی رووداوی پەلاماردانی زیاد جەبار ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و پاسەوانەکانی لەلایەن هێزێکی سەر بە ئۆپراسیۆنی سلێمانی بەردەوامە، بە بڕیاری سەرۆکی یەکێتیش چاکسازی لە هێزە ئەمنییەکاندا دەکرێت.

رۆژی رابردوو لەکاتی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە، ژمارەیەک چەکداری
 سەر بە هێزەکانی ئۆپراسیۆنی سلێمانی پەلاماری زیاد جەبار و پاسەوانەکانیان لە بەردەم میدیاکاران دا.

بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی میدیاکان بڵاویانکردەوە، دەیان چەکداری سەر بەو هێزە پەلاماری پاسەوانەکان و ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەدەن.

هەر زوو دیمەنەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و شەپۆلی فراوانی کاردانەوە دەست پێ کرد.

نیگەرانییەکان بەرانبەر بەو رووداوە لەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگەر هێزە ئەمنییەکان بەرانبەر بەرپرسێکی باڵای یەکێتی کە ژمارەیەک پاسەوانی لەگەڵ بووە بەو شێوازە مامەڵە بکەن ئەی بەرانبەر بە هاووڵاتیەکی بێ دیفاع و مەدەنی چۆن مامەڵە دەکەن؟

ئەمە یەکەمجار نیە هێزە ئەمنییەکان پەلاماری لەو شێوەیە ئەنجام بدەن، پێشتر مامۆستایان و کاسبکاران، رۆژنامەنووسان و خوێندکاران تەنانەت ژنانیش کەوتوونەتە بەر پەلاماری هاوشێوەی هێزە ئەمنییەکان بەڵام بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی نەکراونەتەوە بەردەوام ئەو جۆرە رووداوانە دووبارە دەبنەوە.

هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر پارتی و یەکێتیدا دابەشبوون، لە بنەڕەتدا پێویستە ئەو هێزانە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە رێنمایی وەربگرن بەڵام رێنمایی لە سەرکردە حیزبییەکان وەردەگرن کە ئەوانیش بەسەر باڵە جیاوازەکانی حیزبەکاندا دابەش بوون و لە ململانێیەکی سەخت و قورس دان.

هەر ئەمڕۆ بە بڕیاری بافڵ تالەبانی سەرۆکی یەکێتی زیاد جەبار کراوەتە سەرۆکی لیژنەیەک بۆ رێکخستنەوەی کاری ئەو هێزە ئەمنیانە، لەکاتێکدا ئەوە ئەرکی حکوومەتە نەوەک کادر و بەرپرسانی حیزبی.

مامەڵەی سەرکردە و بەرپرسی حیزبەکان و دەرکەوتنیان بە جل و بەرگی سەربازییەوە، لەسەر ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان وایکردووە ئەم هێزانە پێچەوانەی یاسای کارپێکراوەکان بجوڵێنەوە و دیسپلینی سەربازیی پشتگوێ بخەن.

ئەوەتا لە دیمەنەکانی هێرشکردنە سەر زیاد جەبار بە ڕوونی دەردەکەوێت هیچ کام لە ئەندامانی ئەو هێزە تەنانەت هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە نادات بەڵکو پەلاماری شەق وەشاندن دەدات.

هەڵسوکەوتی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان وایکردووە، بەردەوام ناوی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەبێت کە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و چالاکوان و رۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە