چەکی ئەتۆمی، لەنێوان فەتواکەی خامنەیی و هەڕەشەی ترەمپدا
2025-04-01
396 جار خوێنراوەتەوە
'ئێران بۆمبی ئەتۆمی بەرهەمدەهێنێت یان نا؟' ئەمە، ئەو پرسیارەیە زیاتر لە دوو دەیەیە ئەمریکا، ئیسرائیل و تاڕادەیەک بەشێکی جیهان پێوەی سەرقاڵە و ناوە ناوە سەرهەڵدەداتەوە.
لەگەڵ هاتنەوەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کۆشکی سپی پرسەکە گەرمتر بووە.
تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ "رەفتاری ئێران لە سەرانسەری جیهان هەڕەشە لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا دەکات؛ بۆیە سەرۆک ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری بەسەر ئەو وڵاتە سەپاندەوە، تاوەکو کۆتایی بە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی بهێنێت؛ ئەمریکا رێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی."
لە ساڵی 2003 و لە سەروبەندی تۆمەتبارکردنی ئێران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، عەلی خامنەیی، رێبەری ئەو وڵاتە فەتوای حەرامکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەرکرد.
بەڵام لە تشرینی دووەمی پار، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاشکرایکرد "ئێران نزیکەی 204 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60٪ـی هەیە؛ دوای سێ مانگ، ژمارەکەی ئەپدەیتکردەوە و گوتی ئێستا ئێران 275 کیلۆی هەیە" لە رووی زانستییەوە هەر بۆمبێكی ئەتۆمی پێویستی بە 40 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 90٪ هەیە.
لەبەرامبەردا عەلی لاریجانی، راوێژکاری رێبەری ئێران دەڵێ "ئێران دەڵێت من توانام هەیە، بەڵام فەتوای رێبەر ئەوەیە 'ئێمە بە ئاراستەی چەکی ئەتۆمی نەڕۆین' بەڵام ئەگەر ئێوە لە پرسی ئەتۆمی ئێران کارێكی هەڵە بکەن، ئێران ناچار دەکەن بە ئاراستەی ئەم بابەتە بڕوات، چونکە دەبێت بەرگری لە خۆی بکات، ئێران چارەیەکی نامێنێت. خەڵک گوشار دەکەن کە لەپێناو ئاسایشی وڵات دەبێت ئەو کارە بکرێت؛ بۆیە ئەگەر ئێوە بە ئاراستەی بۆمببارانکردن بڕۆن، چ لە رێگەی خۆتان یان ئیسرائیلەوە، ئێران ناچار دەکەن بە جۆرێكی دیکە بڕیار بدات."
ترەمپ لە فڕۆکەی ئێرفۆرس وەنی سەرۆکایەتییەوە هەڕەشەی لە تاران کرد، 'ئەگەر رێککەوتن نەکەیت، خراپت بەسەر دەهێنم.'
ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زەریای هیندیش، هێزی جووڵاندووە؛ لەبەرامبەردا ئێرانیش هەڕەشە دەکات.
ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران وتی "ئەمریکییەکان لە ناوچەکە لانیکەم لە دەوروبەری ئێران، 10 بنکەی سەربازییان هەیە و 50 هەزار سەربازیشیان هەیە، واتە ئەوان لە ژوورێكی شووشەیی دانیشتوون و کەسێک لە ژوورێكی شووشەیی بێت، بەرد ناگرێتە هیچ کەس".
ئاڵۆزی و مەترسیی رەوشەکە ئێرانی ناچار کردووە پەنا بۆ رێگە یاساییەکانیش بەرێت.
ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە هەڕەشەکانی ترەمپ نامەی فەرمیی داوەتە بەرپرسانی رێکخراوەکە و نووسیویەتی "لێدوانی بێباکانە و دوژمنکارانەی ترەمپ لەبارەی بۆردوومانی ئێران، پێشێلکردنی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و بنەما سەرەکییەکانی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانە".
لە کلینتۆنەوە تاوەکو بووشی کوڕ، پاشان ئۆباما، دواتر ترەمپ و ئینجا بایدن و جارێكی دیکە ترەمپ، ئیدارە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا باسیخولەکی نەوەدی ئێران دەکەن لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی؛ نەتانیاهووش بە دوای رازیکردنی واشنتنە لە بری تەلئەڤیڤ، گورزێک بە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران بدات.
سکاڵاکەی ئێران لەبارەی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ
|