ئێران وەڵامی نامەکەی ترەمپی دایەوە، ناوەڕۆکەکەی ئاشکراکرا
2025-03-27
103 جار خوێنراوەتەوە
میدیای ئێران ناوەڕۆکی وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترەمپی ئاشکرا کردووە کە هەڕەشەی جددی لە تاران کردبوو لە ماوەی دوو مانگدا گفتوگۆکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە دەست پێ بکاتەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی میدیای ئێران ئاشکرای کردوون، لە وەڵامی نامەکەی ترەمپدا، چوار خاڵ بە روونی باسکراوە کە تێیدا ئامادەیی تارانی بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نیشانداوە.
لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانەوە، بە ئەمریکیەکان وتراوە، تاران ئامادەیی ئەوەی تێدایە دەست بە گفتوگۆکان بکاتەوە و رێککەوتنی نوێ لەوبارەیەوە واژۆ بکات، هەروەها ئامادەیی خۆی نیشانداوە لەم دۆسیەدا نەرمی نواندنی زیاتر بنوێنێت بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن.
لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی، باسی لەوەکردووە، هیچ جۆرە گفتوگۆیەک لەبارەی بەرنامە مووشەکییەکەیەوە جێگەی قبوڵ نیە و ئامادە نیە هیچ سازشێک لەوبارەوە بکات.
لەبارەی دەستوەردانە ناوچەییەکانەوە، تاران هەڵوێستی وابووە، گرووپەکانی بەرەی مەقاوەمە نوێنەرایەتی ئێران ناکەن هەر بۆیە ناکرێت هیچ گفتوگۆیەک لەبارەیانەوە ئەنجام بدرێت.
لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ لە ئەگەری دەست نەکردنەوە بە گفتوگۆکان لە ماوەی دوو مانگدا، ئێران بە هەمان دەربڕین وەلامی هەڕەشەکانی داوەتەوە و جەختی لەوەکردووەتەوە کە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی ئێران راستەوخۆ وەڵامی توند دەدەنەوە.
ئاشکرا بوونی ناوەڕۆکی وەڵامی نامەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پێشتر عەلی خامنەیی رێبەری شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر جۆرە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئەمریکییەکان رەت کردبوویەوە.
هاوکات لەچەند رۆژی رابردوو میدیای ئێران شارێکی گەورەی پڕ لە مووشەکی لە ناوچەیەکی نەزانراوی ئەو وڵاتە نمایش کرد کە سەدان مووشەکی جۆراوجۆری تێدا کۆگا کراوە.
بە گوێرەی لێدوانی فەرماندە سەربازییەکانی سوپای پاسداران زیاتر لە ١٠٠ شاری مووشەکی هاوشێوەیان لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی ئێران بنیاتناوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا بۆ فشار خستنە سەر ئێران بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی بنکە سەربازییەکانی حوسییەکانی یەمەن، ئیسرائیلیش جەنگی دژی غەززە دەست پێ کردووەتەوە.
بەڵام تا ئێستا دیار نیە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت یان دوای چەند ساڵێک گرژی توند، هێور دەبێتەوە بەڵام هەرچی بێت کاریگەری راستەوخۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
|