عێراق دەتوانێت خۆی لە حەشدی شەعبی رزگار بکات؟
2025-03-28
354 جار خوێنراوەتەوە
سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بەڵام پێناچێت سەرکردە شیعەکان بتوانن پێچەوانەی خواستی تاران بوەستنەوەو هەنگاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانە بنێن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یاسای حەشدی شەعبی رەوانەی پەرلەمان کردووە و بە نیازە لە رێگەی ئەو یاسایەوە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو گرووپانە بڕەوێنێتەوە.
یاساکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و بە پەلە خراوەتە بەرنامەی کار بۆ ئەوەی خوێندنی دووەمی بۆ بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
بە گوێرەی لێکدانەوەی شیکەرەوان ئامانجی سەرکردە شیعەکان لە یاسای حەشدی شەعبی ئەوەیە بەرگێکی نوێی یاسایی بکەنە بەر گرووپە چەکدارەکان و وا نیشانی بدەن کە هێزی فەرمین و لە چوارچێوەی حکومەتی عێراقدا جێیان کراوەتەوە، بەڵام پێناچێت ئەمریکا و ئیسرائیل رازی بن بە مانەوەی ئەو گرووپانە.
میدیایەکی عەرەبی زانیاری سەرنج راکێشی لەسەر بوونی گرووپێکی سەر بە حوسییەکانی یەمەمەن لە عێراق ئاشکرا کردووە کە ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلاریان لەسەر داهاتی عێراق بۆ خەرج دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان کەتائیبی حەسەن نەسروڵا لەلایەن حوسییەکانەوە لەعیراق پێکهێنراوە، ساڵانە 100 ملیۆن دۆلاری لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بۆ تەرخانکراوە.
کەناڵی ئەلعەرەبییە ئاشکرای کردووە، ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئەو گرووپە چەکدارە تەرخانکراوە لە بەفرۆشتنی نەوتی عیراق بەقاچاغ، لە بەندەری بەسرەوە دابین ئەکرێت، جیا لەوە بەشێکی ئەو داهاتی لە مەزارە شیعەکانەوە دەست دەکەوێت دەدرێتە ئەو گرووپە.
بە گوێرەی ئەو میدیا عەرەبیە، ئەو هێزە ئامادە و تۆکمە کراوە کە بۆ جەنگی چاوەڕوانکراوی عیراق.
ئاشکرا بوونی ئەم زانیارییانە هاوکاتن لەگەڵ هەنگاوە یاساییەکانی سەرکردە شیعەکانی عێراق بۆ پاراستنی ئەو گرووپانە لە هێرشەکانی ئەمریکا.
بەڵام هەنگاوە یاساییەکان لەگەل ئەوەی لە راستیدا لەسەر ساحەی وڵات دەگوزەرێت زۆر جیاوازن ئەوەش وایکردووە کە مەترسی لەسەر داهاتووی عێراق دروستبێت.
کابینەی نوێی کۆشکی سپی زۆر بە جددی دژی ئێران و گرووپە وەلائییەکانی هاتوەتە سەر خەت دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت کۆتایی بە هەژموونی ئێران لە ناوچەکە بێنن بۆ ئەو مەبەستە هەڕەشەی سەخت لە عێراق کراوە کە ئەگەری گرووپەکان هەڵنەوەشێنێتەوە رووبەڕووی گورزی ئاسمانی و سزای ئابووری دەبنەوە.
|