بۆچی هەزاران خێزان لە هەرێمی کوردستان هەڵوەشاونەتەوە؟
2025-03-24
425 جار خوێنراوەتەوە
هۆکاری زۆر بوونی جیابوونەوەی هاوسەران چییە؟
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان تەنیا ساڵی رابردوو زیاتر لە ١٢ هەزار خێزان بە هۆکاری جیاواز هەڵوەشاونەتەوە کە دوو هێندەی تەواوی عێراق زیاترە.
ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی هاوسەرانی لە هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە.
لە ئامارەکەدا هاتووە، لە ساڵی ڕابردوو ٥١ هەزار و ١٨ حاڵەتی هاوسەرگیری و ١٢ هەزار و ٣٨٤ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران تۆمار کراوە.
بەرزی رێژەی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان گەیشتوەتە نزیکەی سەدا ٢٥ی رێژەی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەو واتایە دێت، بەراورد لە هەر چوار حاڵەتێکی هاوسەرگیری یەکێکیان بە جیا بوونەوە کۆتایی هاتووە.
سلێمانی بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی تۆمارکردوووە، کە تێیدا پێنج هەزار و ٧٤٥ حاڵەتی تێپەڕاندووە.
بەرزی رێژەی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان لە هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی مەترسی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە هۆکارەکانی ناکۆڵنەوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردەوە رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە تەواوی عێراق ساڵی رابردوو تەنیا شەش هەزار و ٣٩٢ حاڵەت بووە بەوەش تەنیا لە چوار پارێزگاکەی هەرێم رێژەکە دوو هێندەی تەواوی عێراقە.
بە گوێرەی بەدواداچونەکان، خراپی دۆخی ئابووری هاووڵاتیان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان، لە پاڵ ئەودا خیانەتی هاوسەرگیری لە پلەی دووەم دێت.
ئەو دۆخە خراپەی هاتوەتە ئاراوە کاریگەری لەسەر تەواوی سێکتەرەکانی ژیان دروستکردووە بە جۆرێک کاریگەری لەسەر تاک بە تاکی هاووڵاتیان داناوە، لەلایەک رێژەی هاوسەرگیری کەمی کردووە و لەلایەکیش رێژەی جیابوونەوە بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا و خراپی دۆخی ئابووری کاریگەری گەورەیان لەسەر کەمبونەوەی رێژەی هاوسەرگیری دروستکردووە.
جیا لەوە، کوشتن و بڕین لەناو هاوولاتیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، تەنیا لە ماوەی سێ هەفتەی رابردووشدا چەند رووداوێکی سەختی کوشتن روویانداوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠ کەس کوژراون.
بەرزی ئەم ئامارانە وای لە بەرپرسانی حکوومەت نەکردووە بەدوای هۆکارەکانیاندا بچن و چارەسەرێکیان بۆ بدۆزنەوە.
بە گوێرەی لێکدانەوەی کۆمەڵناسان، بەرزی رێژەی بێکاری هۆکاری سەرەکی زۆربوونی رێژەی تاوانکردنە کە ئێستا بەهۆی قەیرانی دروستکراوی داراییەوە، رێژەکە یەکجار بەرزبووەتەوە.
|