پارتی و یەکێتی بە فشاری ئەمریکییەکان لەسەر حکومەت رێککەوتوون
2025-03-26
761 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا داوای چی لە پارتی و یەکێتیی کردووە؟
وا بڕیارە بەمزوانە پارتی و یەکێتی رێککەوتنی نێوانیان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم ئاشکرا بکەن و بەفەرمی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەکە دەست پێ بکەن.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە ٧رۆژی راگەیاند، پارتی و یەکێتی بە فشاری ئەمریکییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن، هەرچەندە یەکێتی زۆر بە رێککەوتنەکە رازی نیە و خواستەکانی بەتەواوی بەدی نەهاتوون بەڵام ناچار بووە مل بۆ فشاری ئەمریکییەکان بدات.
بە گوێرەی سەرچاوەکەی ٧رۆژ، دوایین هۆشداری دراوەتە ئەو دوو حیزبە کە پێویستە لەسەرەتای مانگی داهاتی رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم رابگەیەنرێت.
کابینەکە پێچەوانەی کابینەی نۆ، تەنیا لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە پێک دەهێنرێت و بەشێک لە پێکهاتەکانیش وەزارەتیان پێ دەدریت.
لە بارەی دابەشکردنی پۆستەکان لە نێوان ئەو دوو حیزبە سەرچاوەکە وتی، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە هەیکلەی بەڕێوەبردنی حکوومەت دروست نابێت، سەرۆکی حکوومەت بۆ پارتی و جێگرەکەی بۆ یەکێتی دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکایەتی هەرێم لای پارتی دەمێنێتەوە و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمیش بە هەمانشێوە دەدرێتەوە پارتی کە داواکاری سەرەکی یەکێتی نیشتمانی بووە.
٧رۆژ ئەوەی زانیوە، یەکێتی بە رێککەوتنەکە رازی نیە بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستا لەناوچەکە هاتوەتە ئاراوە و هاوپەیمانەکانی پاشەکشێی گەورەیان کردووە ناچارە مل بۆ داواکارییەکان بدات.
لەبارەی جێگری سەرۆکی حکوومەتەوە، کاندیدی بەهێز تا ئێستا هەر قوباد تاڵەبانیە بەڵام بە بەڵێنی دەسەڵاتی زیاتر پۆستەکە وەردەگرێتەوە.
یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا هێرشی توندی دەکردە سەر مەسرور بارزانی و باسی لەوەدەکرد رێگە نادەن پۆستی سەرۆکی حکوومەت وەربگرێتەوە بەڵام نەک هەر پۆستەکەی وەرگرتووەتەوە بەڵکو دەبێت جێگری سەرۆکی حکوومەتیش وەک خۆی بمێنێتەوە.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، دووجار بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی سەردانی مەسرور بارزانی کردووە و لەسەر پێکهێنای کابینەی نوێی حکوومەت گفتوگۆیان کردووە.
بڕیار وایە دوای راگەیاندنی رێککەوتنی هەردوولا، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و تێیدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێن و پاشان دەنگ بە کابینەکە دەدرێت.
هەرچەندە بڕیار وابوو رێککەوتن لەسەر کابینەی نوێ بخرێتە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەڵام بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە پێش خراوە.
|