ئەگەر حکومەت دیناری نوێ چاپ بکات چی ڕوودەدات؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
چاپ کردنی دیناری نوێی عێراقی مەترسییەکانی بۆ سەر ئابووریی و دۆخی بازاڕ چی دەبێ و عێراق ڕووبەرووی مەترسی دەکاتەوە؟
هەرچەندە تا ئەم ساتە هیچ بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە کە دیناری نوێیان چاپکردووە، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە درابێت و 25 ترلیۆن دینار چاپکرابێت، کۆمەڵێک سیناریۆی مەترسیدار چاوەڕێی ئابووریی عێراق دەکات
خستنەبازاڕی 25 ترلیۆن دیناری نوێ، واتە بازاڕ نوقمی دینار دەبێت، لە کاتێکدا دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاوو یەکجار کەم و دەگمەن دەبێت.
ئەو هەنگاوەش وادەکات، نرخی دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا بە شێوەیەکی خێرا بەرز دەبێتەوە بۆ ژمارەی پێوانەیی (رەنگە بگاتە سەرو 200 هەزار دینار)، چونکە زۆرینەی هاووڵاتیان دەیانەوێ دینارە نوێیەکانیان بکەن دۆلار یان زێڕ، ئەوەش لە پێناو پاراستنی بەهاکەیدا.
کڕینی کاڵای هاوردەکراو پێویستی بە دۆلارە. کاتێک دۆلار گران دەبێت، نرخی هەموو شتێک لە بازاڕدا (خۆراک، سووتەمەنی، کرێی خانوو، دەرمان) بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و هێزی کڕین بە تەواوی لاواز دەبێ.
بانکی ناوەندی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی تەواوەتی دینار، ناچار دەبێت دەستبکات بە بەکارهێنانی ئەو یەدەگە ستراتیژییەی کە لە دۆلار و زێڕ هەیەتی (کە لە ئێستادا لە ئاستێکی باش دایە).
بەڵام بەهۆی چاپکردنی ئەو 25 ترلیۆنە و نەبوونی داهاتی نوێی نەوت، ئەم یەدەگە بە خێراییەکی مەترسیدار دادەبەزێت و ئەگەر قەیرانی گەرووی هورمز درێژە بکێشێت، یەدەگەکە بە تەواوی بەرەو کەمبوونەوە دەچێ و وڵات بەرەو ئیفلاسبوون دەبات.
هەروەها بازرگانان ناتوانن لە دۆخی ئاوا ناسەقامگیردا سەرکێشی بە سەرمایەکانیانەوە بکەن. هاوردەکردن کەم دەبێتەوە، زۆرێک لە کۆمپانیاکان و پڕۆژەکانی بیناسازی و وەبەرهێنان دەوەستن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجاندا.
بۆیە چاپکردنی 25 ترلیۆن دینار لەم دۆخەدا، تەنها کێشەی نەبوونی پارە بۆ چەند مانگێک چارەسەر دەکات، بەڵام لە بەرامبەردا دینار لە ڕووی هێزی کڕینەوە هێندە بێهێز دەکات کە زیانەکەی زۆر گەورەتر دەبێت لە سوودەکەی.
ئەوەشتان بیر نەچێ.. لە دونیادا حکومەتە هۆشیارەکان لە کاتی داخرانی دەروازە نەوتییەکاندا، پێش ئەوەی بازاڕ نوقمی پارەی بێ بەها و چاپکراو بکەن، پەنا دەبەنە بەر گەڕان بەدوای قەرزی بەپەلە لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی یان بانکە جیهانییەکان بۆ دابینکردنی دۆلار.
بەڵام ئەمە عێراقە دەبێ چاوەڕیی هەموو شتێکی سەیر و سەمەرەی لێ بکرێ..
|