خەوتن لەگەڵ مۆبایل چۆن کاریگەری لەسەر تەندروستی و خەوت دەبێت؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  45 جار خوێنراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی مۆبایل بووەتە هاوڕێی هەمیشەیی زۆرینەمان، بەڵام دانانی لە نزیک سەرین لە کاتی خەوتندا، بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، کۆمەڵێک کاریگەریی نەرێنیی تەندروستی و دەروونی لەسەر مرۆڤ هەیە، کە دیارترینیان تێکچوونی خەو و زیادبوونی ئاستی سترێسە.

کاریگەرییە سەرەکییەکان بریتین لە:

کەمبوونەوەی هۆرمۆنی خەو: ئەو ڕووناکییە شینەی لە شاشەی مۆبایلەوە دەردەچێت، ڕێگری لە دەردانی هۆرمۆنی “مێلاتۆنین” دەکات، کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی خەو؛ ئەمەش دەبێتە هۆی دواخستنی هەستکردن بە خەوی و کەمکردنەوەی کوالێتیی پشوودان.

تێکچوونی خەو: دەنگی ئاگادارکەرەوەکان (Notification) و هاتنی نامەکان لە کاتی شەودا، مێشک لە حاڵەتی وریایی و بەئاگاریدا دەهێڵێتەوە، ئەمەش خەو بەپچڕپچڕ دەکات.

زیادبوونی دڵەڕاوکێ: بەکارهێنانی مۆبایل پێش خەوتن پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە زیادبوونی قەلەقی و سترێسەوە هەیە، کە کاریگەریی لەسەر تەرکیز، بیرەوەری و باری دەروونی بەتایبەت لە گەنجاندا دەبێت.

مەترسییەکانی دیکە و ڕێنماییەکان: سەبارەت بە شەپۆلە تیشکییەکانی مۆبایل، سەرەڕای ئەوەی بەڵگەی یەکلاکەرەوە نییە کە لە ئاستی ئاساییدا ببنە هۆی نەخۆشیی مەترسیدار، بەڵام شارەزایان بەردەوام هۆشداری دەدەن لە دانانی مۆبایل لە ژێر سەرین یان خەوتن لەگەڵیدا بەتایبەت کاتێک لە شەحندایە، چونکە مەترسیی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کێشەی پاتری هەیە.

پێشنیاری شارەزایان بۆ خەوێکی تەندروست:

١. خۆت بەدوور بگرە لە بەکارهێنانی مۆبایل بەلایەنی کەمەوە یەک کاتژمێر پێش خەوتن.

٢. مۆبایلەکە لە مەودایەکی دوور لە سەرینەکەت دابنێ.

٣. بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ڕووناکی شین، لە ئەپی (Night Mode) یان فلتەری ڕووناکی کەمی مۆبایلەکەت سوود وەربگرە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە