میلیشیا شیعەکان چەک ڕادەستی ئیمامی مەهدی دەکەن یان تۆم باراک ؟

5   کاتژمێر پێش ئێستا  88 جار خوێنراوەتەوە

بەر لەوەی تۆم باراک لە ئەرکە نوێیەکەی وەک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق بگاتە بەغدا، جموجوڵەکانی چەکدانانی میلیشیا شیعەکان دەستیپێکردووە، لەناوەڕاستی جموجوڵەکاندا بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان چەکدانان ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن، ئامۆژگاریمان بۆ حكومەتی عیراق ئەوەیە واز لە هەوڵی داماڵينی چەكی گرووپەكان بهێنێت چونكە تووشی شكست و شەرمەزاریان دەكات و حكومەتەكەشیان دەڕووخێنێت.
 
لەگەڵ ئەوانەشدا هەڕەشەو سزاکانی ئەمریکا لەبارەی گرووپە چەکدارەکان بەردەوامە.. بەڵام ئایا هەڕەشەکان عێراق بەرەو کوێ دەبات؟

یان ئەگەر گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت نەکەن چی ڕوودەدات؟
 
دوای هۆشدارییە توندەکانی ئەمریکا بۆ داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، حکومەتی نوێی عێراق دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەخاتە پێشەنگی کارنامەکەی؛ لە کاتێکدا بەشێک لە گرووپە دیارەکان چەکەکانیان ڕادەست دەکەن، بەشەکەی دیکەیان بە توندی بڕیارەکە ڕەت دەکەنەوە، ئەمەش عێراق دەخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزیی سیاسیی و ئەمنیی.
 
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەگەر ئەو گرووپانە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت و حکومەتی عیراق نەکەن چی ڕوودەدات؟
 
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە چەند ئەگەرێک هەیە لەوانەش:

بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا کە ئەوە زۆرترین ئەگەرە، واتە گرووپەکان چەکیان هەبێت و لە هەمان کاتدا بەشێکیان لە حەشدی شەعبیدا بمێننەوە، بەبێ ئەوەی حکومەت بتوانێت کۆنترۆڵی تەواویان بکات.
ئەگەر حکومەت هەوڵی کۆنترۆڵکردنی توندتری چەک بدات، لەوانەیە ئاڵۆزیی سیاسی یان تەنانەت پێکدادانی چەکداری لە هەندێک ناوچەدا دروست بێت.. هەروەها وڵاتانی وەک ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکە لەوانەیە سزا یان فشاری سیاسی و ئابووریی زیاتر بخەنە سەر ئەو گرووپانە و پشتیوانانیان.
 
هاوکات ئەگەر گرووپە چەکدارەکان نەچنە ژێر چەتری دەوڵەتەوە پێدەچێت ئەمریکا چەند ڕێکارێک بەرامبەر عێراق بگرێتەبەر لەوانە؛ ڕاگرتنی پارەی نەوتی عێراق، و دابەزینی نرخی زیاتری دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی و هەروەها سزادانی ئابووریی ئەو گرووپانە و هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەو گرووپانەی پابەندی بڕیارەکەی عەلی زەیدی نابن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە