ئیسرائیل لە کاتی شەڕی ئێران دا خاکی چوار وڵاتی بەکارهێناوە
6 کاتژمێر پێش ئێستا
100 جار خوێنراوەتەوە
چوار سەرچاوەی ئاگادار بە میدیای ئەمریکایان راگەیاندووە، ئیسرائیل لە کاتی شەڕی ئێراندا، یەکە بژاردەکانی سوپا و دەزگە هەواڵگرییەکانی بە نهێنی لە ئازەربایجان جێگیرکردووە، ئەوەش وەکو بەشێک لە تۆڕێکی بنکە نهێنییەکان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاسانکاریی ئۆپەراسیۆنەکان دژی تاران.
دوو لە سەرچاوەکان بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکیان گوتووە، هێزەکان لە چەند شوێنێکی باشووری ئازەربایجان و لە تەنیشت سنوورە باکوورییەکانی ئێران جێگیر کرابوون، ئەو شوێنە تەنیا 96 کیلۆمەتر لە شاری تەورێزەوە دوور بووە، ئەو شارەی ئیسرائیل لە کاتی شەڕەکەدا هێرشیکردە سەر، دوو سەرچاوەکەی دیکەش دەڵێن، یەکە تایبەتەکانی کۆماندۆ لەو شوێنانە جێگیر کرابوون و زانیاریی هەواڵگرییان کۆکردووەتەوە و درۆنیان فڕاندووە، ئەمەش وای کردووە ئیسرائیل چاودێرییەکی وردی ناوخۆی باکووری ئێران بکات.
ئەم بڵاوبوونەوە نهێنییەی ئیسرائیل، یەکێک بووە لەو پێگانەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هەیبووە؛ بنکەی هاوشێوە لە عێراق، ئیمارات و سۆمالیلاندیش هەبوون، ئەم هێزانە سەرەتا وەکو تیمێکی فریاگوزاری بۆ کاتی نائاسایی پلانیان بۆ داڕێژرابوو، بەڵام دواتر ئەرکەکانیان فراوانتر بووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، کۆی ئەم بنکانە هێزەکانی ئیسرائیلیان لە باکوور، باشوور و رۆژئاوای ئێرانەوە جێگیر کردووە، ئەمەش مەودای هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلی بە سەتان کیلۆمەتر بۆ ناو قوووڵایی خاکی ئێران درێژ کردووەتەوە و یارمەتیدەر بووە بۆ بەردەوامبوونی شەپۆلی هێرشەکان.
یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکەی ئازەربایجان لە چەندین سەرباز پێکهاتبوو، لەوانە یەکە تایبەتەکان، هێزەکانی فریاگوزاریی ئاسمانی و کارمەندانی مۆساد، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە ئەمریکا رایگەیاندووە: "ئێمە بە تووندی ئەو بانگەشە بێ بنەمایانە رەت دەکەینەوە باس لە بەکارهێنانی خاکی ئازەربایجان بۆ ئۆپەراسیۆن دژی وڵاتانی سێیەم دەکەن."
پێگەی ئیسرائیل لە سۆمالیلاند و عێراق
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کۆماری سۆمالیلاند لە قۆچی ئەفریقا، پێگەیەکی سەربازیی بۆ ئیسرائیل دابین کردووە تاوەکو فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە کاتی گەشتە دوورەکانیان بۆ سەر ئێران وەکو وێستگەیەک بەکاریبهێنن، لە مانگی کانوونی یەکەمدا، ئیسرائیل بوو بە یەکەم وڵات بە فەرمی دانی بە سۆمالیلانددا نا. محەممەد حاج، باڵیۆزی سۆمالیلاند لە ئیسرائیل، لە 18ـی ئایاردا چاوی بە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل کەوت و باوەڕنامەی خۆی پێشکەش کرد.
هەروەها، سوپای ئیسرائیل لە بەشێکی شەڕەکەدا دوو بنکەی نهێنی لە عێراقدا هەبووە، وەکو بنکەی پاڵپشتیی لۆجستی و ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردن بەکاریهێناون، هەرچەندە سوپای عێراق رایگەیاندبوو تاوەکو سەرەتای مانگی ئادار هیچ "بنکە یان هێزێکی رێپێنەدراو" لە وڵاتەکەدا نەبووە.
ئیمارات و سیستەمی "قوبەی ئاسنین"
ئیسرائیل لە کاتی شەڕەکەدا، پاترییەکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "قوبەی ئاسنین" و تیمەکانی کارپێکردنی لە ئیمارات جێگیر کردووە، پێشتر باس لەوە کرابوو بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی مۆساد و سوپای ئیسرائیل لە کاتی شەڕەکەدا سەردانی ئیماراتیان کردووە، بەڵام ئیمارات ئەو سەردانەی رەتکردەوە.
بوونی سەربازی لە ئازەربایجان وای کردووە، ئیسرائیل بنکەیەکی هەبێت بۆ رزگارکردنی ئەو فڕۆکەوانانەی رەنگە فڕۆکەکانیان بخرێنە خوارەوە، هەروەها وەکو شوێنێک بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ئێرانەوە، بەکاریهێناوە، ئیسرائیل لە مێژە ئازەربایجان وەکو هاوبەشێکی ستراتیجی دەبینێت و ئامادەکارییەکان چەندین هەفتە پێش دەستپێکی هێرشەکان دەستیان پێکردبوو.
پلانەکانی ئیسرائیل و پەیوەندییەکان لەگەڵ باکو
لە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمدا، کاتێک ئێران خەریکی رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران بوو، ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی لەسەر سنووری ئازەربایجان و ئێران کرد، سەرچاوەکان دەڵێن ئیسرائیل ئامێری گوێگرتن و کەرەستەی هەواڵگریی لەو ناوچەیە جێگیر کردووە.
سەرەتا بڕیار بوو ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ژێر سێبەری هێرشەکانی ئەمریکا بێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە دوایین خولەکدا هێرشەکانی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران رازی بوو نەرمتر بێ بەرامبەر خۆپێشاندەران رابگرێت، بەڵام ئیسرائیل بە تەنیا بەردەوام بوو، بەرپرسانی سیاسیی ئیسرائیل بڕوایان وابوو دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران شکست دێنن، بۆیە فڕۆکە سیخوڕییەکان و هێزە تایبەتەکانیان بۆ جێگیرکردنی ئامێرە هەواڵگرییەکان بەکارهێنا.
دوای کەمتر لە دوو هەفتە، گیدیۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەردانی باکوی کرد و چاوی بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کەوت، لە ئایاری 2025دا، ئازەربایجان بە نهێنی میوانداریی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و سووریای کرد.
کوشتنی رەحمان موقەدەم
یەکێک لە ئۆپەراسیۆنە هەرە گرنگەکان لە ئازەربایجانەوە کرابێ، کوشتنی رەحمان موقەدەم بوو لە 4ـی ئاداردا، ئەو فەرماندەئ ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی سوپای پاسداران بوو، ئیسرائیل دەڵێت ئەو بەرپرس بووە لە پلاندانان بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ لە ساڵی 2024دا. یەک رۆژ دوای ئەوە، درۆنێک هێرشیکردە سەر فڕۆکەخانەی "ناخچیڤان"ـی ئازەربایجان؛ ئیلهام عەلیێڤ ئێرانی وەکو بەرپرسی ئەو "کردەوەیە" ناوبرد، بەڵام تاران رەتیکردەوە.
لە 6ـی ئاداردا، دەزگای تەناهیی دەوڵەتی ئازەربایجان رایگەیاند پلانێکی سوپای پاسدارانیان بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانە گرنگەکان و جووەکان پوچەڵ کردووەتەوە، دواتر ئیسرائیل دانی پێدانا ئەوە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی مۆساد، سوپا و شین بێت ( دەزگەی ئاسایشی نێوخۆ و رووبەڕووبوونەوەی هەواڵگری)بووە.
پەیوەندیی ستراتیجی ئازەربایجان و ئیسرائیل
ئازەربایجان و ئیسرائیل پەیوەندییەکی نزیکی بازرگانی و سەربازییان هەیە، باکو بەشێکی زۆری نەوتی ئیسرائیل دابین دەکات و لە بەرامبەردا ئیسرائیل چەکی پێشکەوتووی پێ دەفرۆشێت، لە شەڕەکانی ناگۆرنۆ-قەرەباخدا ئەو چەکانە بەکارهێنران، ئازەربایجان یەکەم وڵات بوو سیستەمی "قوبەی ئاسنین"ـی لە ساڵی 2016دا کڕی.
گێرشۆن کۆگان، پسپۆڕی کاروباری ئێران لە سەنتەری بیگن-سادات بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجییەکان، پێش دەستپێکردنی شەڕی ئێران نووسیویەتی: "ستراتیژجی ئیسرائیل لە ئازەربایجان بە ئەنقەست بە شێوەیەکی بێدەنگ و نادیار ماوەتەوە، ئەوەش پشت بە گواستنەوەی چەک، هاوکاریی هەواڵگری و پشتبەستنی تەکنەلۆجی درێژخایەن لە کەرتی ئاسایشدا دەبەستێت."
بە گوتەی جۆشوا کوچیرا، شرۆڤەکاری باڵا لە گرووپی قەیرانەکان (Crisis Group)، ئەم پەیوەندییە هەروەها دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی گرنگ دەداتە ئازەربایجان، رێگە بە باکو دەدات لۆبیی ئیسرائیل لە واشنتن بەکاربهێنێت.
|