سەرایا سەلام لەمەودوا فەرمان لەسەرۆكوەزیران وەردەگرێت

2   کاتژمێر پێش ئێستا  48 جار خوێنراوەتەوە

سەرایا سەلام پڕۆسەی تێكەڵكردنی هێزەكانی بەحكومەتی عیراق دەستپێكرد و رایگەیاند: تێكەڵكردنەوەكە بەگوێرەی دابەشكاریی سەربازیی دەبێت و لەمەودوا هێزەكانمان فەرمان لەسەرۆكوەزیرانی عیراق وەردەگرن و دوور لەهەر ناوێكی دیكە تێكەڵ بەحكومەتی عیراق دەبین.

فەریق روكن قەیس محەمەداوی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پڕۆسەی تێكەڵكردنی هێزەكانی سەرایا سەلام-ی بە حكومەتی عیراق راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد: هێزەكانی  سەرایا سەلام لەڕابردوودا هەڵوێستی پیرۆز و هەنگاوی كاریگەریان ناوە و ئێستاش چەكە قورسەكان رادەستی حكومەت دەكەن و بە چەند هەنگاوێك و لەژێر فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و دوور لەهەر ناوێكی دیكە تێكەڵ بە حكومەتی عیراق دەكرێن.

ئاماژەی بەوەشكرد تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سەرایا سەلام بەدەستپێشخەری موقتەدا سەدر و بەگوێرەی دابەشكارییە سەربازییەكان دەبێت و راستەوخۆ پەیوەندیی بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقەوە دەبێت و هەموو ئەو رێكارانەش لەپێناو پاراستن و چەسپاندنی ئاسایشی عیراقە.

ئەوەشی خستەڕوو ئەندامانی هێزەكانی سەرایا سەلام، لەڕووی یاسایی و كارگێڕی و ماف و مووچە و چەكداركردنەوە وەك سەرجەم هێزەكانی دیكەی عیراق، لەژێر سەرپەرشتی و فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقدا دەبێت. 

فەریق روكن قەیس محەمەداوی راشیگەیاند هەماهەنگییەكانمان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و كاری باش و هاوبەشمان بەیەكەوە هەیە، هاوكات داوا لەسەرجەم پێكهاتە سەربازییەكانی دیكە دەكەین بەگیانی نیشتمانی و بەگوێرەی تێڕوانینی حكومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندبن بۆ پارێزگاری لەخاكی عیراق.

ئەمەش لەكاتێكدایە، سەرایا سەلام، سێ لیوای لەناو حەشدی شەعبیدا هەبووە، پێشتریش موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، تەنها یەك هەفتە مۆڵەتی بە سەرایا سەلام دا بۆ جیابوونەوەی لەڕەوتەكە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە