دیارترین ئەو 10 ئەستێرەیەی لە مۆندیالی 2026 بێبەش دەبن
2 کاتژمێر پێش ئێستا
61 جار خوێنراوەتەوە
مۆندیالی 2026، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، لە 11ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات. ئەم خولە بە بەشداری 48 هەڵبژاردە و چەندین ئەستێرەی گەورە بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەهەمانکاتدا چەندین ناوی دیار بەهۆی جیاوازی بڕیاری راهێنەران، پێکان، یان سەرنەکەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان، لەم کەرنەڤاڵە جیهانییە بێبەش دەبن.
دیارترین ئەو ئەستێرانەی بێبەش دەبن لەم مۆندیالە:
1 - رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی (پۆڵەندا)
هەڵبژاردەی پۆڵەندا نەیتوانی بگاتە یارییەکانی کۆتایی مۆندیالی 2026، دوای ئەوەی لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەورووپادا بە سوێد دۆڕا. بەمەش کاپتن و گۆڵکاری مێژوویی پۆڵەندا و یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی مێژوو، دواچانسی بەشداریکردنی لە مۆندیالدا لەدەستدا.
2 - دانی کارڤاخال (ئیسپانیا)
بەرگریکاری باڵی راستی ریال مەدرید وەک یەکێک لە ئەفسانەکانی تۆپی پێ لە پێگەکەیدا دادەنرێت و خاوەنی 6 نازناوی چامپیۆنزلیگە، بەڵام بەهۆی پێکانەوە کە لە زۆربەی یارییەکانی ئەم وەرزەدا دووری خستەوە، لویس دی لا فوێنتیی راهێنەری ئیسپانیا ناوی لە لیستەکەدا نەنووسی.
3 - ئەلێکساندەر ئارنۆڵد (ئینگلتەرا)
سەرەڕای گرنگیی ئەم بەرگریکارەی باڵی راستی ئێستای ریال مەدرید و یاریزانی پێشووی لیڤەرپوول، بەڵام تۆماس تۆخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، پێی باش بوو بۆ مۆندیال بانگهێشتی نەکات.
4 - دۆمینیک سۆبۆسلای (هەنگاریا)
ئەستێرەکەی لیڤەرپوول وەرزێکی نایابی بەڕێکرد و وەک یەکێک لە باشترینەکانی پرێمەرلیگ دەرکەوت، بەڵام هەڵبژاردەی هەنگاریا نەیتوانی لە کیشوەری ئەورووپاوە بگاتە کۆتاییەکانی مۆندیال.
5 - ڤیکتۆر ئۆسیمین (نایجیریا)
هێرشبەرە نیجیرییەکەی گاڵاتەسەرای یەکێکە لە دیارترین هێرشبەرەکانی جیهان، بەڵام هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە کیشوەری ئەفریقاوە نەیتوانی بگاتە مۆندیالی 2026.
6 - جواو پێدرۆ (بەرازیل)
هەرچەندە چەندین یانەی گەورەی ئەورووپای وەک بارسێلۆنا هەوڵی گواستنەوەی دەدەن و وەرزێکی باشی لەگەڵ چێڵسی بەڕێکرد، بەڵام کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، بڕیاریدا بۆ مۆندیال بانگهێشتی نەکات.
7 - ئەلیساندرۆ باستۆنی (ئیتاڵیا)
بەرگریکارەکەی ئینتەرمیلان یەکێکە لە باشترین بەرگریکارەکانی جیهان و ئێستا جێی بایەخی ریال مەدرید، بارسێلۆنا و پاریسە، بەڵام بەهۆی سەرنەکەوتنی ئیتاڵیا بۆ مۆندیال دوای دۆڕانیان بە بۆسنە و هەرزەگۆڤین لە پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا، باستۆنی نابینرێت.
8 - هوگۆ ئیکیتیکی (فەرەنسا)
هێرشبەرە فەرەنسییەکە یەکێک بوو لە باشترین یاریزانانی لیڤەرپوول لەم وەرزەدا، بەڵام پێکانێکی سەخت وایکرد لە لیستی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ مۆندیالی 2026 دووربکەوێتەوە.
9 - کۆڵ پاڵمەر (ئینگلتەرا)
تۆماس تۆخێلی ئەڵمانی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بڕیاریدا ئەستێرەکەی چێڵسی لە لیستەکە دووربخاتەوە، سەرەڕای ئەوەی یەکێک بوو لەو یاریزانانەی هاوکاری سەرەکی بوون بۆ گەیشتنی ئینگلتەرا بە مۆندیال.
10 - فرانکۆ ماستانتۆنۆ (ئەرجەنتین)
ئەم ئەستێرە گەنجە کاتێک لە ریڤەرپلەیت بوو یەکێک بوو لە بەهرە درەوشاوەکان، بەڵام دوای گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید تووشی دابەزینی ئاست بوو، ئەمەش وایکرد لە لیستی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی هەڵگری نازناوەکە بکرێتە دەرەوە.
|