یەکەم کاروانی حاجییان گەڕانەوە هەرێمی کوردستان
3 کاتژمێر پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمشەو زیاتر لە هەزار حاجی دیکە بگەنەوە.
رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند: "کاتژمیر07:30ـی بەیانی، یەکەم کاروانی حاجییان کە ژمارەیان 147 حاجی بوو، لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان."
لەبارەی گەشتەکانی دیکەی ئەمڕۆ، رۆژگار جەعفەر وتی: "دووەم کاروانیش کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەگاتەوە؛ ئەم پڕۆسەیە بۆ ئەمڕۆ تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی شەو بەردەوام دەبێت. بڕیارە ئەمڕۆ 7 فڕۆکە بگەنەوە هەرێمی کوردستان کە کۆی گشتیی حاجییەکانیان 1,024 حاجییە."
بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج دەڵێت، پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییان تاوەکو 10ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە رێگەی 5 تاوەکو 7 فڕۆکەوە حاجییان دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەم ساڵ 5 هەزار و 120 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونە سعودیە، بەڵام لەو ماوەیەدا دوو حاجییان لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەکەدا کۆچی دواییان کرد.
رۆژی 7-5-2026 یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن و پڕۆسەی گواستنەوەیان تاوەکو 17ـی ئایار بەردەوام بوو.
|