سوپای ئێران: کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکامان کردە ئامانج

3   کاتژمێر پێش ئێستا  56 جار خوێنراوەتەوە

هێزی دەریایی سوپای ئێران دەڵێت، لە وەڵامی هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانیان لە دەریای عومان، کەشتییەکی سەربازییان کردووەتە ئامانج کە ناوەندی فەرماندەیی هێرشەکەی تێدا جێگیر کرابوو.

پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێێدا هاتووە، ''ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی'' هێرشێکی ئەمریکایان دژی وڵاتەکەی، لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج.

لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەدوای هێرشێکی ئەمریکا و ''پێشێلکردنی رێساکانی تەنگەی هورمز و خراپەکاری دژی کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران''، ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی هێرشەکەیان دەستنیشان کردووە کە ''لەسەر کەشتییەکی جەنگی جێگیر بووە و بەنیاز بوو لە دەریای عوماندا لە ئاوەکانی ئێران نزیک ببێتەوە، بەڵام هێرشمان کردە سەر.''

سوپای ئێران هۆشداری دەدات، بە هەموو توانایەوە چاودێریی جووڵەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و بە ''تووندترین شێوە'' رووبەڕووی هەر جۆرە ''خراپەکاری''ـیەک دژی وڵاتەکەی دەبێتەوە.

راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران لەکاتێکدایە کە لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوان واشنتن و تاران هەیە و دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا "زۆرباش" بەڕێوەدەچن و پێشبینیی کرد، رەنگە لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنێک.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە