یەکەم کاروانی حاجییانی سنووری سلێمانی گەڕانەوە
6 کاتژمێر پێش ئێستا
120 جار خوێنراوەتەوە
دوای ئەوەی بەشێکی حاجییانی هەولێر، دهۆک و سۆران گەڕانەوە، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی سنووری سلێمانی گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی شارەکە.
کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان وتی، ئەمڕۆ 1029 حاجی دیکە بە حەوت فڕۆکە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیە 294 کەسیان بە دوو فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دابەزین و خەڵکی شارەکەن.
ئەمڕۆ هەینی، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە رێوڕەسمێکی شایستەدا پێشوازی لە یەکەمین گەشتی کاروانی حاجییانی پارێزگای سلێمانی کرا".
کاروان ستوونی وتی، ئەمڕۆ پێنج فڕۆکەی دیکەی حاجییان دەگەنەوە فڕۆکەخانەی نێوەوڵەتی هەولێر، کە زۆرینەیان خەڵکی پارێزگاکەن و بەشێکیشیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن.
دوێنێ 4ـی حوزەیران یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە هەزار و 27 کەس بوون بە حەوت فڕۆکە گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، سەرنشینانی چوار فڕۆکەیان حاجییانی هەولێر بوون، دوویان دهۆک و یەکێکیان حاجییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوون.
کارروان ستوونی ئاماژەی بەوەشکرد: "بەپێی خشتەی دانراو، تاوەکو 10ـی ئەم مانگە تەواوی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێرەوە دەگەڕێنەوە".
ئەم ساڵ لە 7ـی ئایار یەکەم کاروانی حاجیان لە هەرێمی کوردستانەوە لە هەولێرەوە بەرە و سعودیە بەڕێکەوتن، تا 17ـی ئایار سەرجەم حاجیان گەیشتنە سعودیە.
ئەمساڵ 5120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، چوونە سعودیە.
|