کێ هێرشی کردە سەر کۆرمۆر؟ نێردەی ترەمپ بۆ عێراق ئاشکرای دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
43 جار خوێنراوەتەوە
مارک ساڤایا، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە بە نایاسایی کار دەکەن و ئەجێندای دەرەکیی دووژمنکارانە ئاراستەیان دەکات، هێرشیان کردووەتە سەر کۆرمۆر.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، مارک ساڤایا دەڵێت: "پێویستە حکومەتی عێراق ناسنامەی بەرپرسانی ئەم پەلامارە دیاری بکات و ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە. با ئەمە روون و ئاشکرا بێت: لە عێراقێکی خاوەن سەروەریی تەواودا، هیچ جێگەیەک بۆ ئەم جۆرە گرووپە چەکدارانە نییە."
ساڤایا داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە بکەران بدۆزێتەوە و رووبەڕووی یاسایان بکاتەوە و هۆشداریی دا: "با روون بێت، هیچ جێگەیەک بۆ ئەم جۆرە گرووپە چەکدارانە لە عێراقێکی تەواو سەروەردا نییە. شوێنپێی هەموو گرووپێکی چەکداری نایاسایی و پشتیوانەکانیان هەڵدەگیرێت، رووبەڕوویان دەبینەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."
ئەم هەڵوێستە تووندەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە هێرشەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە 70٪ـی بەرهەمی کارەبای هەرێمی کوردستان و کاردانەوەی تووندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.
نێردەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانیی کوردستانێکی بەهێز دەکات لەناو عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیردا. ئێمە هانی بەغدا و هەولێر دەدەین کە هاوکاریی ئەمنیی خۆیان قووڵتر بکەنەوە."
کاردانەوەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا
هێرشەکە کاردانەوەی خێرای لێکەوتەوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، تاوەکو کاتژمێر03:15ـی بەرەبەیان لەسەر هێڵ بووە بۆ بەدواداچوونی دۆخەکە و بەیانیی رۆژی پێنجشەممەش لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە و لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە هاوبەشە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکانیش کرد سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی کێڵگەکە دابین بکەن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش هێرشەکەی بە "کردەوەیەکی تیرۆریستیی مەترسیدار" و "هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندیی عێراقییەکان" وەسف کرد.
هاوکات، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "جارێکی دیکە، تیرۆریستە هەمیشەییەکان کە لەسەر لیستی مووچەی حکومەتی فیدراڵن، هێرشیان کردەوە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر."
زیانەکان و کاریگەری لەسەر کارەبا
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی سێ هەزار مێگاوات کارەبا.
بەرهەمی کارەبا: لە 4,200 مێگاواتەوە بۆ نزیکەی 1,300 مێگاوات کەمبووەوە.
پێدانی کارەبا: لە 24 کاتژمیرەوە بۆ نزیکەی 5 بۆ 8 کاتژمێر کەمبووەوە.
هەناردەی کارەبا: هەناردەکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق کە 10%٪ـی کۆی بەرهەمی وڵاتەکە پێکدەهێنێت، بە تەواوی وەستاوە.
وەزیری کارەبا دڵنیایی دا کە هێرشەکە "هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی گازی ماڵان نابێت" و رایگەیاند ئەگەر زیانەکان سنووردار بن، "لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە."
پشتیوانیی نێودەوڵەتی
جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، "بە تووندترین شێوە" هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و پشتیوانیی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێریش رایگەیاند، "هێرشکردنەسەر هەر ژێرخانێکی بنەڕەتی، هەڕەشە لە سەقامگیریی عێراق دەکات" و پشتگیریی هەوڵەکانی پاراستنی دامەزراوەکان دەکەن.
نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراقیش رایگەیاند: "یەکێتیی ئەورووپا زۆر نیگەرانی هێرشەکەی دوێنیی کێڵگەی گازیی کۆرمۆرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئێمە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین لە دژی ژێرخانی وزەی سڤیل، کە لە سەرانسەری وڵاتەکە زیان لە هاووڵاتییان دەدات. پابەندیی خۆمان بە بەردەوامیی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق و کوردستان دووپات دەکەینەوە، بە ئاراستەی ئاسایش، سەقامگیری و چاکسازی لە بەرژەوەندیی عێراق و ناوچەکە."
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە و لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی بکەران بەردەوامن.
|