یەکەم قۆناغی هەڵگیرسانەوەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەستی پێ کرد
5 کاتژمێر پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
ئیسرائیل لە ئۆپراسیۆنێکی بێ پێشینەدا سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی لە قەتەر کردە ئامانج، لەگەڵ ئەوەی ئۆپراسیۆنەکە شکستی هێناوە بەڵام بە یەکەم قۆناغی دەستکردنەوە بە جەنگی ئێران و ئیسرائیل تەماشا دەکرێت.
بۆردوومانەکەی ئیسرائیل بە یەکەم بۆردوومان دێت کە لە ناو قەتەر دژی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس ئەنجامی بدات، لە کاتێکدا ساڵانێکە قەتەر بوەتە شوێنی مانەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئەو بزووتنەوەیە.
ئیسرائیل پێشتر بە نهێنی و بێ ئەوەی دانی پێدا بنێت سەرکردەکانی حەماسی لە ئێران کردوەتە ئامانج بەڵام تا ئێستا بە ئاشکرا و بەم شێوەیە لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکە ئەو هێرشانەی ئەنجام نەداوە.
بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئۆپراسیۆنەکە لە رێگەی ١٠ فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجام دراوە کە ماوەی ١٨٠٠ کیلۆمەتریان تا ئامانجەکە بڕیوە.
بەڵام بەشێک لە میدیاکان پشت بەست بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئەوە رەت دەکەنەوە و پێیان وایە فڕۆکەکان لە بنکەی ئاسمانی حودەیدیەی ئەمریکییەوە فڕیون کە لە ناو خاکی قەتەردایە.
ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی حەماسی کردە ئامانج کە بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی و ڕاگرتنی جەنگی غەززە خستبوویە ڕوو، بەشێک لە سەرکردەکانی حەماس لە تورکیاوە گەڕابوونەوە قەتەر بۆ ئەوەی لەبارەی پێشنیارەکەی ترەمپ بڕیار بدەن.
شیکەرەوانی دۆخەکە پێیان وایە، پێشنیازەکەی ترەمپ وەک تەڵەیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرکردەکان و لێدانیان بەکارهاتووە و ئەمریکا پێش وەخت ئاگاداری بووە.
بۆیە ئەم هەنگاوە رەتکردنەوەی تەواوی هەوڵە دیبلۆماسییەکانە بۆ راگرتنی جەنگ و ئەو کۆمەڵکوژیەی خەڵکی غەززەی رووبەڕوو کراوەتەوە.
لەگەڵیشدا هەنگاوێکە بۆ دەستکردنەوە بە جەنگی ئێران و ئیسرائیل کە هەردوولا لە رۆژی راگرتنیەوە خۆیان بۆی ئامادە دەکەن.
بە لێکدانەوەی هەنگاوەکانی ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانی دەردەکەوێت ئێستا گۆڕانکاری زۆر بە سەر جوڵەکانیدا هاتووە و دەست لەوە ناپارێزێت نەیارەکانی لەسەر خاکی کام وڵات بن بۆیە پێشبینی دەکرێت جاری داهاتوو لەناو تورکیاوە بەرپرسانی حەماس بکاتە ئامانج .
هەروەک سەرۆکی کنێستی ئیسرائیل دیمەنی بۆردوومانەکەی قەتەڕی بۆ سەر بارەگای حەماس بڵاوکردوەتەوە و نوسیویەتی ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنها حەماس.
|